ئەردۆغان لەبارەی هەسەدە: دەیانەوێت دەرفەت لە پشێوییەکان وەربگرن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی بە قۆستنەوەی دەرفەت لە پشێوییەکانی سووریا تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، کە چاوپۆشی ناکەن.
لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 9-12-2024 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی لە دۆخی سووریا و رۆژئاڤای کوردستان کرد.
لەکاتێکدا بەشێکی گرنگی سووریا و رۆژئاڤای کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکانە، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە هەڵوێستی ئەوان کرد و گوتی: "بە وردی چاودێریی باڵەکانی سووریای رێکخراوی جوداخواز دەکەین، کە دەیانەوێت پشێوییەکە بقۆزنەوە. ئەوانەی بە عەقڵی خۆیان حیسابی جیاواز دەکەن، دەمەوێت پێیان بڵێم؛ باپیرانمان جوانیان گوتووە؛ چەقەڵ چەندە شارەزای فێڵ بێت، گورگیش هێندە شارەزای رێگەیە. تورکیا چاوپۆشی لە سەرهەڵدانی تیرۆری نوێی سەر بەکێشە لەودیو سنوورەکانی ناکات".
ئەردۆغان هەروەها باسی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەمەڕ بەشێک لە هێزە کوردییەکانی ئەوێ نیشاندا و گوتی: "پەکەکە و باڵەکان لە سووریا و داعش، لایەنی بەرامبەری ئێمە نین و دووژمنمانن. ئەوەی بڕیار لەسەر ئەمڕۆ و ئایندەی سووریا دەدات، خەڵکی سووریایە. لە سووریا پێکەوەژیانی ئاشتیانەی عەرەب، تورکمان، کورد، سوننی، عەلەوی، نوسەیری و کریستان بێ جیاوازی، گەورەترین خەون و ئامانجی تورکیایە".
رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و پشێوییەکانی ئەو وڵاتە لەکاتێکدان کە تورکیا بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی کۆنترۆڵکردووە و بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەنقەرە، ئەوە هەنگاوێکە بۆ پاراستنی سنوورەکانی.
هەر ئەمەش وایکردووە بەشێک لە لایەنەکان تورکیا بە داگیرکار ناوببەن. ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی: "تورکیا چاوی لە خاک و سەروەریی وڵاتێکی دیکە نییە. تاکە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیو سنوورمان، پاراستنی نیشتمان و هاووڵاتیانمانە لە هێرشەکانی تیرۆر".
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، شەڕ لە نێوان هێزەکانی "سوپای نیشتمانیی سووریا" و هەسەدە لە منبج و دەوروبەری بەردەوامە.