رووداو دیجیتاڵ
ئایلێت شەکەد، کە لە دوو کاتی جیادا وەزیری نێوخۆ و دادی ئیسرائیل بووە، داوا دەکات ئیسرائیل و ئەمریکای هاوپەیمانی، لە سووریا پشتیوانی لە کورد بکەن. ئەوەش دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کۆتایی بە 53 ساڵی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
شەکەد لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دا نووسیویەتی "پێویستە ئەمریکا و ئیسرائیل پشتیوانی لە کورد بکەن و دڵنیابنەوە لەوەی تورکیا دۆخەکە بۆ ئازاردانیان ناقۆزێتەوە."
خانمە وەزیرەکەی پێشووی ئیسرائیل پێیوایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا "هەوڵدەدات بە یارمەتیی گرووپە جیهادییە بەوەکالاتەکانی، زیان بە کورد بگەیێنێت."
شەکەد، کورد و درووزییەکان [پێکهاتەیەکی سووریا] بە "لایەنی باش"ـی سووریا دەبینێت و، "هەمووانی دیکە"ـش بە "خراپ" ناودەبات. ئەو دەڵێت، رووخانی ئەسەد "دەرفەتە بۆ زیادکردنی هێزی باشەکان، واتە کورد و درووزییەکان و لاوازکردنی خراپەکان، واتە هەموو ئەوانی دیکە."
وەزیرەکە دەڵێت "پێویستە ئیسرائیل بگەڕێتەوە سەر سیاسەتێکی چالاک و، هاوپەیمانییەکی چالاک لەگەڵ 45 ملیۆن کورد پێکبهێنێت."
جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە هەمان شێوە داوای "پاراستنی سەلامەتیی" کورد لە سووریا دەکات.
وەزیرەکە رۆژی یەکشەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا باسی لەوە کردبوو، لەگەڵ یان لیپڤازسکی، وەزیری دەرەوەی چێک دۆخی سووریایان بە تەلەفۆن تاوتوێکردووە. ئەو دەڵێت "جەختم لە پێویستیی پاراستنی سەلامەتیی کەمینەی کورد لە سووریا کردەوە، کە هێشتا رووبەڕووی هێرش دەبنەوە."
داواکارییەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدان؛ گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دێرەزوور و منبج کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ