بەشێکی سعودییەکان هاوشێوەی بیانییەکان بەشداری لە شەوە ئاهەنگەکان دەکەن
رووداو - سعودیە
دوو گەنج لە شەوە ئاهەنگێکدا لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور لە جەدەی سعودیە سەما دەکەن، ئەوان بەڕێکەوت لە فێستیڤاڵەکەدا یەکتریان بینیوە و باسی ئەوە دەکەن ئەو ساتانەی لەنێو فێستیڤاڵەکەدا بەسەریان بردووە، خۆشترین کاتەکانی ژیانیانە.
ئەمانی، لە بنەڕەتدا فەلەستینییە بەڵام لە سعودیە لەدایکبووە و لە فیلمێکدا کە لەو فیستیڤاڵە نمایشکراوە ئەکتەرە، محەمەدیش دەرهێنەرە و خەڵکی سووریایە، بەڵام ماوەی 20 ساڵە لە سعودیە دەژی.
ئامانیی ئەکتەری سعودی دەڵێ "سعودیە و جەددە باشترینن. سعودیە هەموو رۆژێک باشتر دەبێت و زیاتر پێشکەوتوو دەبێت. ئێمە، دڵخۆشین بەم پێشکەوتنانە و زۆر زۆر دڵخۆشم.''
محەمەد عەگید، دەرهێنەر بەهەمان هەستەوە قسە دەکات و دەڵێ "خۆشمدەوێ. زۆر فێستیڤاڵی دەریای سوورم خۆشدەوێت، خەڵکی سووریام و لێرە لە جەددە دەژیم. فیلمەکان و ئاهەنگەکان هەموویانم بەدڵە.''
هەموو شەوێکی فێستیڤاڵەکە لە دوای کاژێر 09:00ـی شەو، گرووپێکی دیجەی یاخود گۆرانیبێژ هەر جارەو لە وڵاتێک میوانی ستەیجی فێستیڤاڵەکە دەبن.
غەدیر کچە ئینفلوێنسەرێکی ئوردنییە و جەددە بووەتە شاری دڵخوازی، لەوەتەی فێستیڤاڵەکەش دەستیپێکردووە، هەموو شەوێک لەم ئاهەنگە ئامادە دەبێت.
غەدیر رەشید، میوانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور دەڵێ "من، خەڵکی ئوردنم و کەشوهەوای ئێرەم زۆر بەدڵە. هەموو ساتێکم خۆشدەوێ کە لێرە لە سعودیە بەسەرم بردووە. من، لێرە کاردەکەم و چێژیشی لێدەبینم. هەموو شتەکانی ئێرە چێژبەخشن؛ فیلمەکان، ئاهەنگەکان. بەهەموو خەڵکی سعودیە و جیهان دەڵێم: هیچ ساڵێک ئەم فیستیڤاڵە لەدەست خۆتان مەدەن.''
ئەوانەی لەم ئاهەنگە بەشدارن تەنیا بیانییەکان نین، بەڵکو بەشی هەرە زۆریان گەنجی سعودین.
ئەمڕۆ (شەممە، 9-12-2023) دوایین رۆژی ئەم خولەی فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوورە، رێکخستنی ئەم فێستیڤاڵە بە ئامانجی ئەوە بوو؛ دەرگەی سعودیە بە رووی سینەما و پیشەسازیی سینەما بکرێتەوە و، هونەر و ئینتەرتەیمێنت لە سعودیە بچێتە قۆناخی نوێوە.