ئێران: رەتکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە دەبێتە 'تەقینەوەیەکی کۆنترۆڵنەکراو' لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاند، "ئەمریکا پاڵپشتیی تاوانەکانی رژێمی زایۆنی و بەردەوامیی جەنگ بکات، ئەگەری تەقەینەوەیەکی کۆنترۆڵنەکراوی دۆخەکە هەیە". 
 
رۆژی شەممە، 9-12-2023، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوتووە، "تاوەکو ئەمریکا پاڵپشتیی تاوانەکانی رژێمی زایۆنی و بەردەوامیی جەنگ بکات، ئەگەری تەقەینەوەیەکی کۆنترۆڵنەکراوی دۆخەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە."
 
بەگوێرەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەییان قورسکردووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاندووە، بەرپرسە ئێرانییەکە ستایشی گوتێرێزی کردووە بەوەی یاسای ژمارە 99ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی چالاککرد بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر جەنگەکە بکات. 
 
دەقی یاسای ژمارە 99ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "سکرتێری گشتی، دەتوانێت هەر بابەتێک بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش کە بە بۆچوونی خۆی مەترسیی لەسەر پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست بکات."
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئەو هەنگاوەی گوتێرێزی بە "هەنگاوێکی بوێرانە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی" وەسفکرد و بە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاندووە، "دەنگۆکانی رژێمی زایۆنی کە حەماس پێشێلی ئاگربەستی کردووە، بەتەواوی هەڵەن."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، وەزیرە ئێرانییەکە داوایەکی بەپەلەی بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی رەفەح کردووە تاوەکو لەو رێگەیەوە هاوکاریی مرۆیی ببرێتە نێو کەرتی غەززە.
 
دوێنێ (هەینی، 8-12-2023) ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بۆ دەنگدان لەسەر "ئاگربەستی غەززە" کۆبووەوە، بەڵام نوێنەری ئەمریکا بە ئەنجوومەنەکەی راگەیاند، "پشتیوانی لە ئاگربەست ناکەن."
 
رۆبەرت ود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی، "ئەگەرچی ئەمریکا بەهێزەوە پشتیوانی لە ئاشتییەکی بەردەوام دەکات کە تێیدا ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان بتوانن بە ئارامی بژین، ئێمە پشتیوانی لە بانگەوازەکانی ئاگربەستی دەستبەجێ ناکەین."
 
ود گوتیشی، "ئەمە تەنیا تۆوی جەنگی داهاتوو دەچێنێت، چونکە حەماس هیچ خواستێکی بۆ ئاشتیێکی بەردەوام لەپێناو چارەسەری دوو دەوڵەتدا نییە."
 
رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند. ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند و دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی غەززە کرد. تائێستا زیاتر لە 16 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و ژمارەکەش رۆژ لەدوای رۆژ لەزیادبووندایە، لەبەرامبەردا ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلی بەپێی ئامارە فەرمییەکان 1200 کەسە.
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندینجار هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە نەوەستێنێت، ئەگەری فراوانبوونی بەرەکانی شەڕ لەلایەن هێزەکانی "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی"یەوە هەیە.