رووداو لە بەعلبەگی لوبنانەوە؛ "خەڵک نانی دەستناکەوێت"

09-11-2024
تەنیا ئەحمەد
بەعلبەگی لوبنان. وێنە: رووداو
بەعلبەگی لوبنان. وێنە: رووداو
نیشانەکردن رووداو لە لوبنان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەعلبەگی لوبنان لە مانگی رابردوودا زۆرترین بۆردوومانی رۆژانەی ئیسرائیلی لەسەر بوو، بەو هۆیەوە خەڵکێکی زۆر چۆڵیان کرد. شارەکە 250 هەزار کەسی تێدا دەژیا، بەڵام لە ترسی بۆردوومان و شەڕ 180 هەزار کەسی ئاوارە بوون.
 
نوێنەر فاتیح، نێردراوی رووداو بۆ لوبنان، بەرنامەیەکی (رووداوی ئەمڕۆ)ی لە شاری بەعلبەگ لە رۆژهەڵاتی لوبنان پێشکێش کرد و لە نێوجەرگەی کاولکارییەکەدا بەرپرسان و هاووڵاتییانی دواند.
 
خەلیل تەها، موختاری شارەکە قسەی بۆ نێردراوی رووداو بۆ لوبنان کرد و گوتی، "دۆخەکە خراپە. ئەم وڵاتە بەردەوام دەستدرێژیی دەکرێتەسەر. چەندین خێزان پەیوەندییان بە هیچ بابەتێکەوە نییە، بەڵام ماڵ و حاڵیان دەکرێتە ئامانج. شوێنەوارە مێژووییەکان بۆ سەردەمی بێزەنتییەکان دەگەڕێنەوە و ئێستا وێران دەکرێن. خەڵک لەپێناوی هیچدا دەکوژرێن."
 
بە گوتەی خەلیل تەها، ئەو کەسانەی ماونەتەوە، کۆمەکیان پێناگەیەنرێت و هاریکارییان ناکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو ئاردەی وەکو کۆمەک دەگات، دەفرۆشرێت بە نانەواخانەکان. ئەو پێداویستی و پێخەف و بەتانییانەی وەکو کۆمەک دێت، دەدزرێت."
 
موختارە بەتەمەنەکە گوتیشی، "سوپاسی هەموو وڵاتانی خێرخواز دەکەین کە کۆمەک و هاوکاریمان دەکەن، خەمی ئەم گەلە دەخۆن و 20 تۆن و 50 تۆن و 90 تۆن خۆراکمان بۆ رەوانە دەکەن، بەڵام ئێمە تەنانەت چارەکە تۆنێکیش نابینین."
 
موختاری شارەکە گوتیشی، لە 33 بۆردووماندا 50 کەس کوژراون و 56 کەس برینداربوون، "لە سەرەتاوە ئاگادارکردنەوەیان دەداینێ کە دەبێت فڵان گەڕەک و فڵان گەڕەک چۆڵ بکەن، ئیدی خەڵک خۆی کۆدەکردەوە و دەڕۆیشت، بەڵام ئێستا کەسانێک هەن کە خێزانیان هەیە و پارەیان نییە بڕۆن؛ ئۆتۆمبێلیان نییە تاوەکو منداڵەکانیان ببەن، هەربۆیە نازانن چۆن بیانبەن و بۆ کوێیان ببەن."
 
نێردراوی رووداو پرسیاری ئەوەی کرد، ئێستا ئەو خەڵکەی لەوێ ماونەتەوە چۆن دەژین؟ موختارەکە گوتی، " لەپشت دیوارەکانەوە خۆیان حەشار دەدەن. هەندێک خەڵک وەکو مردوو دەژین، هەندێکیشیان مردوون، بەڵام ئەوەی ماوە سوپاسی خودا دەکات نانێکی دەستبکەوێت."
 
رەبیع سەعادە، ئەندامی لیژنەی فریاگوزاریی پەرستگەی حەمرا لە باکووری رۆژئاوای بەعلبەگ کە لەگەڵ مانگی سوور کاردەکات، بە رووداوی گوت، "ئێمە وەک مانگی سوور، نزیکەی 12 هەزار ئاوارەمان لەخۆ گرتووە. 2500 ئاوارە لە بنکەکانی مانگی سوور دانراون و ئەوانی دیکەش بەسەر ماڵەکاندا دابەشکراون. دوای هاتنی سوپای ئیسرائیل لە چوار رۆژدا، نزیکەی 20 هەزار کەس خۆیان گەیاندە بنکەکانی مانگی سوور."
 
ئەو کارمەندەی مانگی سوور بە رووداوی گوت، "لە چەند سەرچاوەیەکەوە کۆمەکمان هێناوە و زۆرینەیان لە کۆمەڵەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانن. ئێمە لە ناوەندی مانگی سوور وەریاندەگرین و دابەشیان دەکەین بەسەر هەموو بنکەکان و هەموو ئەو ماڵانەی ئاوارەیان لەخۆیان گرتووە. خەڵک دێت پێداویستییەکانی وەردەگرێت و ئاوی خاوێن و پێداویستی پاککردنەوەش دابین دەکەین تاوەکو ئاوارەکان کەمێک هەست بە ئارامی بکەن."
 
رەبیع سەعادە گوتی، "دەوڵەت بە هیچ جۆرێک سووتەمەنی دابین ناکات و لەکاتی دەستپێکردنی جەنگەوە هیچمان لە دەوڵەت وەرنەگرتووە"؛ هۆشداری دا کە ئەو هاوکارییەی ئێستا هەیە بەشی هەفتەیەک دەکات و دوای ئەوە هیچ خۆراکێک نامێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.