کۆرپەکانی غەززە لەژێر پلیکانەی نەخۆشخانەکان دەژین؛ 'دایکی شیری نەماوە'

10-11-2023
محەممەد سالم
دۆخی منداڵان و کۆرپەکانی غەززە بەهۆی شەڕەوە
دۆخی منداڵان و کۆرپەکانی غەززە بەهۆی شەڕەوە
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی بەردەوامیی شەڕەوە لە غەززە، ئاژانسی ئۆنروا بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی هۆشداری لە زیادبوونی رێژەی گیان لەدەستدانی کۆرپەکانی غەززە دەدات. لەبەر ئەوەی دۆخی تەندروستی لە غەززە لەژێر مەترسیدایە و کۆرپەکان لە نەخۆشخانەکان ناتوانن چاودێریی بکرێن. 
 
غەزەل، ناوی کۆرپەیەکە کە لە نەخۆشخانەی ناسر لەدایکبووە و مانگێکی تەمەنی پڕ نەکردووە، لەگەڵ دایک و داپیرەیدا لە ئاوارەیی لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین و بچووکترین پێداویستیی ژیانیان دەستناکەوێت.  
 
نوها قەدیح، داپیری غەزەل بە رووداوی گوت، "کچەکەم لە چوارەمین رۆژی جەنگەکە ئەم منداڵەی بووە. دەبینن لە چ دۆخێکی سەخت و دژواردا لەژێر پلیکانەکانی نەخۆشخانەدا ژیان دەکەین. ئازار و نەهامەتی زۆر دەچێژین و تەنانەت شیرمان دەستناکەوێت. ئەم منداڵە سێ رۆژ زیاتر بوو هیچ شتێکی نەخواردبوو بەهۆی ئەوەی دایکی شیری نەماوە."  
 
لە بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەی ناسر، پزیشکەکان هۆشداری دەدەن لە نەمانی دەرمان و باس لەوە دەکەن، سووتەمەنیش خەریکە تەواو دەبێت و مەترسییەکی راستەقینە بۆ ژیانی منداڵان دروست دەکات. 
 
د. حاتەم زوهێر، سەرۆکی بەشی منداڵبوون لە کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر رایگەیاند، "لە راستیدا، دۆخەکە رۆژ دوای رۆژ سەختتر دەبێت. نەخۆشخانەکە زۆر قەرەباڵخە، ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان لە بەشی باکوور تا دەگاتە خان یونس بەناچارییەوە روو لە نەخۆشخانەکەمان دەکەن. بەدەست کێشەی نەمانی شوێن و کەمیی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و کێشەی کارەبا و پێداویستییە سەرەکییەکانی تەندروستییەوە دەناڵێنین. سەرجەم ئەم کەموکوڕییانە کاریگەری دەکەنە سەر ژیانی کۆرپەکان و تازە لەدایکبووەکان. ئەوانە پێویستیان بەچاودێریی پزیشکیی بەردەوام هەیە."
 
رێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، دۆخی مرۆیی غەززە بە کارەساتبار دەناسێنێت و رایدەگەیێنێت کە نەخۆشخانەکانی غەززە توانای پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکییان نەماوە. 
 
نەخۆش و بریندارەکان بەگشتی و منداڵە تازە لەدایکبووەکان بەتایبەتی ئازار و نەهامەتییەکی زۆر دەچێژن بەدەست نەبوونی دەرمان. سەرباری ئەوەش کەمی سووتەمەنیی هەڕەشە لە ژیانیان دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە