تورکیا دوو هەزار هاووڵاتیی خۆی لە لوبنان دەگوازێتەوە

09-10-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی تورکیا دوو هەزار رەوەندی خۆی لە لوبنان دەگوازێتەوە و بەنیازە لە هەفتەیەکدا تەواوی هاووڵاتییەکانی لەو وڵاتە دەرباز بکات. 
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2024) عەلی بارش ئوڵوسۆی، باڵیۆزی تورکیا لە بەیرووت رایگەیاند، هەفتەیەکە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و تێکچوونی دۆخی ئەمنی وڵاتەکە و لەسەر داوای رەوەندی تورکیا لە لوبنان، پرۆسەی دەربازکردنیان و گەڕاندنەوەیان بۆ تورکیا دەستپێکردووە. 
 
باڵیۆزی تورکیا لە بەیرووت راشیگەیاند، نزیکەی 14 هەزار هاووڵاتیی تورکیا لە لوبنان نیشتەجێن، زۆربەیان بۆ کار و بازرگانی لەوێن. 
 
گوتیشی: "ئەمڕۆ دوو کەشتی سەر بە هێزەکانی دەریایی تورکیا دەگەنە بەندەری بەیرووت. ئەم دوو کەشتییە توانای هەڵگرتنی دوو هەزار کەسیان هەیە، هاووڵاتییانمان دەگوازنەوە بۆ بەندەری مێرسین."
 
ئوڵوسۆی ئەوەی خستەڕوو؛ کەشتییەکان لە تورکیاوە هاوکارییان هەڵگرتووە و نزیکەی 300 تۆن هاوکاری گەیشتووەتە لوبنان. لە 25ی ئەیلوولیشدا نزیکەی 30 تۆن پێداویستی کە پێکهاتبوو لە دەرمان و خۆراک، گەیێندراونەتە لوبنان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە