لە شارێکی ئیسرائیل 6 کەس بەر چەقۆ دران و برینی دووانیان سەختە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە 4 شوێنی جیاوازی شاری حەدیرەی ئیسرائیل 6 کەس بە چەقۆ بریندار کران؛ برینی دووانیان سەختە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2024 ئاژانسی فریاکەوتنی نیشتمانیی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، 6 کەس بە چەقۆ هێرشیان کراوەتە سەر و برینی دووانیان سەختە.
 
ئاژانسی فریاکەوتنی نیشتمانیی ئیسرائیل گوتی، هەموو بریندارەکان گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە.
 
پۆلیسی شارەکە دەڵێت، "هێرشەکە لە 4 شوێنی جیاواز کراوە و بەو هۆیەوە 6 کەس بریندار کراون."
 
پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، هێرشکار دانیشتووی ئیسرائیل بووە و تەقەیان لێ کردووە و کوشتوویانە.
 
4ی ئابی 2024 لە رووداوێکی هێرشکردن بە چەقۆدا لە تەلئەڤیڤ دوو کەس کوژران و دوو کەسی دیکەش بریندار کران.
 
1ی تشرینی یەکەمی 2024یش لە هێرشێکی دیکەی هاوشێوەدا دوو فەلەستینی 6 کەسیان لە ئیسرائیل کوشت و 9ی دیکەشیان بریندار کرد.
 
هێرشەکە چەند خولەکێک بەر لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە ئەنجامدرا.