وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل: پێویستە سوپاکەمان سەرنجی بۆ سەر لوبنان بگۆڕێت

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بێنی گانتز، ئەندامی پێشووی کابینەی جەنگیی ئیسرائیل رایگەیاند، پێویستە سوپای ئیسرائیل سەرنجی لە غەززەوە بگۆڕێت بۆ سەر حیزبوڵڵا و سنووری لوبنان. 
 
لە دوای جەنگی غەززەوە، ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان بە نزیکەیی رۆژانە هێرشیان کردووەتە سەر یەکدی. بۆیە وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل پێیوایە دەبوو زووتر هێرش بکەنە سەر لوبنان. 
 
رۆژی یەکشەممە، لە کۆڕبەندێکی تایبەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشنتن، گانتز گوتی "ئێمە, هێزی پێویستمان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ غەززە، پێویستە سەرنجمان لەسەر دۆخی باکوور چڕبکەینەوە،" کە مەبەست لێی سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنانە.  
 
گانتز ئاماژە بەوە دەکات، "کێشەی سەرەکی بۆ ئیسرائیل ئێران و گرووپە بەوەکالەتەکانییەتی."
 
وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت "کاتی باکوور هاتووە و راستییەکەی پێموایە درەنگیش کەوتووە. ئەوان لە چۆڵکردنی بەشێکی زۆری باکووری ئیسرائیل بەهۆی شەڕی حیزبوڵڵاوە، هەڵەیان کردووە."
 
گانتز گوتی "لە غەززە، ئێمە قۆناخێکی گرنگمان بڕیوە. هەر شتێکمان لە غەززە ویست، دەتوانین بیکەین. پێویستە هەوڵی رێککەوتنێک بدەین بۆ ئەوەی بارمتەکانمان لەوێ بهێنینە دەرەوە، بەڵام ئەگەر لە چەند رۆژ و هەفتەی داهاتوودا نەتوانین ئەو کارە بکەین، ئەوا پێویستە بڕۆینە باکوور. ئەگەر پێویست بکات، دەتوانین لە لوبنان بدەین."
 
گانتز هەروەها دەڵێت: "چیرۆکی حەماس هەواڵێکی کۆنە، چیرۆکی ئێران و گرووپە بەوەکالەتەکانی لە هەموو ناوچەکەدا هەیە و ئەو شتەی ئەوان هەوڵی بۆ دەدەن، کێشە راستەقینەکەیە."
 
گانتز مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە کابینەی جەنگیی نەتەنیاهوو کشایەوە، "ئەوەش بەهۆی نەبوونی پلانێکی روون بۆ بەڕێوەبردنی غەززە لە دوای جەنگ."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە