سەرکردەی حووسییەکان: تائێستا 177 کەشتیمان کردوونەتە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ 

حووسییەکانی یەمەن دەڵێن، تاوەکو ئێستا 177 کەشتییان لە سنوورییە ئاوییەکانی نزیک یەمەن کردووەتە ئامانج و تەنیا ئەم هەفتەیە بە 16 مووشەک و درۆنێک هێرشیان کردووە.
 
عەبدولمەلیک بەدرەدین حووسی، سەرۆکی پارتی ئەنساروڵڵای حووسییەکان، لە گوتارێکدا رایگەیاند ئیسرائیل دەیەوێت رووبەری جەنگەکەی فراوان بکات و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بە هاوبەش لە پارێزگاریکردن لێی دەزانێت.
 
سەرۆکی حووسییەکان گوتی: "هەندێک وڵات ئاسمانی وڵاتەکانیان بۆ ئیسرائیل دەکەنەوە و پشتیوانیی ئابووری و میدیایی و سیاسیی پێشکێش دەکەن." دەشڵێت، هێرشەکانی حیزبوڵلا و حوسییەکان کاریگەریی لەسەر ئیسرائیل دروستکردووە. 
 
عەبدولمەلیک بەدرەدین حووسی باسی لە پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کرد: "بڕیاری بەردەوامیی بە هێرشەکان لەلایەن بەرەی پشتیوانیی عێراقەوە بەردەوامە."
 
حووسییەکان بەردەوامن لە بە ئامانجکردنی ئەو کەشتیانەیە بە دەریای سووردا دەڕۆن و سەرکردەکەیان دەڵێت: "بۆ پشتیوانی غەززە تاوەکو ئێستا 177 کەشتییمان کردووەتە ئامانج، تەنیا لەم هەفتەیە بە 16 مووشەک و درۆنێک ژمارەیەک هێرشمانکردووە و بووەتە هۆی کردنە ئامانجی دوو کەشتیی شەڕکەری ئەمریکی و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە جۆری MQ-9." 
 
ئەو پێیوایە بە ئامانجکردنی کەشتییەکان کاریگەری هەبووە، عەبدولمەلیک بەدرەدین حووسی دەڵێت: "کردنە ئامانجی کەشتییەکانی پەیوەست بە ئەمریکا و بەریتانیا کە شمەک و کەلوپەل بۆ ئیسرائیل دەگوێزنەوە، وایکردووە هاتووچۆی دەریاوانی کەمببێتەوە، ئەوەش سەرکەوتنە بۆ هێزە چەکدارەکان و بەرەی پشتیوانیی یەمەن."
 
ئەو سەرکردەیەی حووسییەکان پێنج وڵات کە یەکێکیان ئەمریکا و چواریان وڵاتی عەرەبین بە پاراستنی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات و دەڵێت:"پێویستمان بە گەشەپێدانی توانا و تەکنەلۆژیامانە بۆ تێپەڕاندنی ئەو پێنج وڵاتە کە ناتوانن دڵنیایی بۆ ئیسرائیل دابین بکەن."
 
لەدوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، حووسییەکان هێرش دەکەنە سەر سعودیە و ئیسرائیل لە دەریای سوور و دەریای عەرەب، بەمەش هاتووچۆی کەشتییەکان لەو ناوچانە 90٪ کەمیکردووە.