لە سێ رۆژدا زیاتر لە 77 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی مێهرانەوە هاتوونەتە عێراق

رووداو دیجیتاڵ 

لە سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە 77 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازەی سنووریی مێهرانی پارێزگای ئیلامەوە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن هاتوونەتە عێراق. پارێزگاری ئیلام دەڵێت، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن دابینکراون.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 08-08-2024، حەسەن بەهرامنیا پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی دەروازەی سنووریی مێهرانی کرد و رایگەیاند، لە 6ـی ئابەوە تاوەکو 8ـی ئاب، لانیکەم 77 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازە سنوورییەکەوە چوونەتە "شوێنە پیرۆزەکانی عێراق".
 
حەسەن بەهرامنیا گوتی، لە پێنج رێگەوە زیارەتکاران دەتوانن بگەنە دەروازەی سنووریی مێهران، ''لە هەر پێنج رێگەکە، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان وەکو شوێنی حەوانەوە، نوێژکردن و راگرتنی ئۆتۆمبێل ئامادە کراون."
 
پارێزگاری ئیلام پێشبینی کرد لە رۆژی شەممەوە هاتنی زیارەتکاران لە رێگەی دەروازە سنوورییەکەوە زیاد بکات، ''بۆیە هاوئاهەنگیی پێویست لەگەڵ عێراق کراوە کە مامەڵەی تێپەڕین و کاروباری پاسپۆرتیان ماوەیەکی کەم بخایێنێت''.
 
بەگوتەی حەسەن بەهرامنیا، تێپەڕین و کۆنترۆلکردنی پاسپۆرتی هەر زیارەتکارێک لە دەروازە سنوورییەکە، تەنیا چوار چرکە دەخایێنێت و بەبێ وەستان مامەڵەکانیان تەواو دەکرێت.
 
دەروازەی سنووریی مێهران لە پارێزگای ئیلامە و یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراق بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کە بەهۆی نزیکیی زیاتری لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، ساڵانە زیاترین زیارەتکاریش هاتووچۆی پێدا دەکەن.