وەزیری دەرەوەی ئێران: ئیسرائیل دەیەوێت جەنگ لە ناوچەکە بەرپابێت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەیەوێت لە ناوچەکە جەنگ بەرپابێت. دەشڵێت، ئیسرائیل ناتوانێت رووبەڕووی ئێران ببێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 08-08-2024، عەلی باقری، وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت، رایگەیاند، ئیسرائیل بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و فوئاد شوکر "هەڵەیەکی ستراتیژی" کرد.
 
ئیسرائیل تاوەکو ئێستا کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماسی لە ئەستۆ نەگرتووە؛ بەڵام ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە و بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی داوە.
 
باقری گوتی، ئیسرائیل دەیەوێت تەنگژەکان، جەنگ و پێکدادانەکان زیاد بن و وڵاتانی دیکەش بگرنەوە، "بەڵام ئەوان ئەو هێز و دەسەڵاتەیان نییە رووبەڕووی ئێران ببنەوە."
 
رۆژێک پێش ئەو قسانە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەی گوتی: "ئێمە بۆ هێرشبردن و بەرگریکردن ئامادەین."
 
رۆژی 30-07-2024 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باشووری بەیرووت لە لوبنان و فوئاد شوکر، کەسی دووەمی حیزبوڵڵای کوشت، دواتریش پشتڕاستی کردەوە؛ رۆژێک دوای ئەوە هەنییە لە تاران کوژرا.
 
جیهان لە چاوەڕوانی هێرشی ئێران و حیزبوڵلایە بۆ سەر ئیسرائیل. بۆ ئەم مەبەستە، چەندین وڵات داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کردووە لوبنان و تاران بەجێبهێڵن؛ لەوانەش: ئەمریکا، فەرەنسا، ئوردن، کەنەدا و سوێد.
 
بزووتنەوەی حەماس دوای هەفتەیەک لە کوژرانی هەنییە ناوی یەحیا سینواریان وەک سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکە دەستنیشان کرد. ئیسرائیل سینوار بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەو ئەندازیار و پلانداڕێژەری هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بوو بۆ سەر ئیسرائیل. 
 
دوای هەڵبژاردنی سینوار، شڕۆڤەکاران پێیانوایە سینوار کەمتر لە هەنییە ویستی رازیبوونی بە ئاگربەست هەیە و زیاتر لە هەنییە لە تاران نزیکە. 
 
چوارشەممە 07-08-2024، دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند ئەوان بەردەوام دەبن لە بەئامانجکردنی سەرجەم سەرکردەکانی حەماس و هەموو ئەوانەی بەرپرسیار بوون لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر، لەوانەش یەحیا سینوار.
 
هەگاری لەبارەی شوێنگرتنەوەی ئیسماعیل هەنییە، لەلایەن سینوارەوە رایگەیاند: "ئەو، تیرۆرستێکی گەورەیە و ئیسرائیلیش بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوایدا. تەنیا شوێنێک کە جێگەی یەحیا سینواری تێدا دەبێتەوە، تەنیشت محەممەد زەیف و غەندوور و ئەیمەن نەوفەلە (فەرماندەکانی حەماس کە لە جەنگی غەززەدا کوژراون)، لە تەنیشت هەموو ئەو تیرۆریستانەی لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر بەرپرسیار بوون."
 
سینوار پێش بەرزکردنەوەی پلەکەی، بەرپرسی حەماس بووە لەنێو کەرتی غەززە و باڵاترین بەرپرسی ئەو بزووتنەوەیەشە لەنێو کەرتەکە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئیسرائیل، سینواری تەمەن 61 ساڵ، لەسەرەتای جەنگەکەوە لەنێو توونێلەکانی نێو غەززە خۆی حەشارداوە و چەند جارێکیش نزیک بوونە لە بە ئامانجگرتنی.