سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: لە ئۆپەراسیۆنی غەززە تەواوی ئامانجەکانمان بەدەستهێناون

09-08-2022
دڵزار زوبێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەززەدا، "تەواوی ئامانجەکانمان" بەدەستهێناون.
 
یائیر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلەوە لە تەلئەڤیڤ رایگەیاند، تەواوی فەرماندەیی پێشکەوتووی جیهادی ئیسلامییان لە کەرتی غەززە "بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە" کردووەتە ئامانج.
 
رۆژی شەممە، ئۆدێد باسیۆک، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا "سەرکردایەتیی پێشکەوتوو"ی باڵی سەربازیی جیهادی ئیسلامی، کە سەرایا قودسە، "بە تەواوەتی لەنێویان بردووە."
 
یەکێک لەو سەرکردانەی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی کە رۆژی هەینی لە ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیلدا کوژرا، تەیسیر ئەلجەباری بوو، کە فەرماندەیەکی باڵای بزووتنەوەکە بوو. دواتر رۆژی شەممە، بزووتنەوەکە کوژرانی خالید مەنسووری پشتڕاستکردەوە کە ئەویش فەرماندەیەکی بزووتنەوەکە بوو و بەگوێرەی بزووتنەوەکە، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە ناوچەی رەفحی باشووری غەززە کوژراوە.
 
شەڕەکە رۆژی هەینی، 5ی ئابی 2022 دەستیپێکرد؛ هەرچەندە یائیر لاپید دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، "هەوڵی تایبەت" دراون بۆئەوەی زیان بە خەڵکی سڤیل نەگەیێندرێت، بەڵام بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، 44 کەس کوژراون کە 15 کەسیان منداڵن، 305 کەسیش بریندار بوون. بەرپرسانی ئیسرائیلیش دەڵێن، هەر لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا 39 کەس برینداربوون و 32 کەسیان برینیان سووک بووە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە داوای لێبووردن بکەن سەبارەت بە "بەکارهێنانی هێز بۆ پاراستنی خەڵکە سڤیلەکەی،" بەڵام دەشڵێت، "گیانلەدەستدانی خەڵکی سڤیل، بەتایبەتیش منداڵان، جێگەی داخە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە