سوپای ئەمریکا کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای داعش لە سووریا رادەگەیێنێت

09-07-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی سووریا، سەرکردەیەکی داعشیان بە ناوی ئوسامە ئەلموهاجیر کوشتووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 9ی تەممووزی 2023، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، ئاشکرای کرد، رۆژی هەینی رابردوو، لە هێرشێکی ئاسمانی لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی سووریادا سەرکردەیەکی داعشیان کوشتووە.
 
لەوبارەیەوە، ژەنەڕاڵ مایکڵ کورێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، رایگەیاند: "ئێمە روونمانکردووەتەوە کە پابەندین بەوەی داعش لەناوبەرین لە تەواوی ناوچەکە. داعش هێشتا مەترسییە، نەک تەنیا لە ناوچەکە بەڵکو لەدەرەوەی ناوچەکەش". 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان هیچ کەسێکی سڤیل لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکادا نەکوژراوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەو راپۆرتانەی ئاماژە بە برینداربوونی کەسانی سڤیل دەکەن.
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکادا هاتووە، ئەو هێرشە، زیان بە توانای داعش دەگەیێنێت بۆ پلاندانان و هێرشی تیرۆرستی، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەمریکا شان بە شانی هێزە هاوبەشەکانی لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبن، بەمەبەستی کۆتاییهێنانی یەکجارەکی ئەو رێکخراوە. 
 
سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکەی رۆژی هەینی بە درۆنی ئێم کیو - 9 کراوە، کە هەمان درۆن بووە رۆژێک پێش ئەو هێرشە لەلایەن فڕۆکە سەربازییەکانی رووسیاوە دووجار هەراسانکرابوو.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، رایگەیاند لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، هێزەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ ‌هێزەکانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی 37 ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆریان لە عێراق و سووریا کردووە، کە بووەتە هۆی کوشتنی 13 چەکدار و سەرکردەی داعش لەگەڵ دەستگیرکردنی 21ی دیکە. 
 
هەروەها بەگوێرەی ئەو ئامارە، 30 لە ئۆپەراسیۆنەکان لە عێراق کراون و حەوتەکەی دیکەش لە سووریا، 12 چەکدار و سەرکردی داعش لە عێراق و یەکێکیشیان لە سووریا کوژراوە. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە