گالەری

09-07-2022
14 Photos

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ حاجییانی ماڵی خودا، دوایین رێوڕەسمەکانی حەجکردن بەجێدەگەیەنن ئەویش "بەردبارانکردنی پەیکەری شەیتانە" لە نزیک ناوچەی "مینا" لە مەککە. پاشان حاجییان دوای کورتکردنەوە یان تاشینی پرچ و ریشیان، دەتوانن لە "ئیحرام" واتا لە کەشی حەجکردن دەربچن، کە چەند هەڵسوکەوتێک تێیدا لە حاجییان قەدەخەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 9.7.2022، کە هاوکاتە لەگەڵ 10ی مانگی زیلحیجەی ساڵی 1443ی کۆچی، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە. حاجییان بەرەو "دۆڵی مینا" بەڕێکەوتن و تێیدا حەوت بەرد لە پەیکەری "شەیتان" دەگرن.
 
لە دوای بەردبارانکردنی شەیتان، کە بە 'عەقەبەی گەورە' ناسراوە، حاجییان دەست بە سەربڕینی ئاژەڵێک بۆ قوربانی دەکەن یان دەبێ 10 رۆژ بەڕۆژووبن. پاشان ئازاد دەبن لە گۆڕینی جلوبەرگی حەجکردن کە بە "ئیحرام" ناسراوە و لە کوتاڵێکی سپی پێکدێت.
 
لە دوای سەربڕینی ئاژەڵی قوربانی، حاجییان بەرەو مەککە دەڕۆن تاوەکو "تەوافی ئیفازە" واتا سووڕانەوە لە دەوری کەعبە بەجێبگەیەنن، کە بە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی حەجکردن دادەنرێت.
 
لە دوای ئەنجامدانی تەوافەکە، حاجییان بەرەو ناوچەی "مینا" دەگەڕێنەوە و لەوێ دەمێننەوە، بەڵام لە سبەینێوە رێوڕەسمی ناسراو بە "رۆژانی تەشریق" دەستپێدەکات، کە رۆژانی 11 و 12 و 13ی مانگی زیلحیجە دەگرێتەوە، لەو سێ رۆژەدا رێوەڕەسمی بەردبارانکردنی شەیتان، کە بە عەقەبەی گەورە ناسراوە، بەجێدەگێنن. رێوڕەسمەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت، لە هەر قۆناخێکدا هەر حاجییەک 7 بەرد دەگرێتە پەیکەری شەیتان، سەرەتا بە بەردی بچووک، پاشان مامناوەند و دواتر گەورە ئەنجام دەدرێت.
 
ئەنجامدانی رێوڕەسمی بەردبارانکردن لە 'عەقەبەی گەورە' لە دوای وەستان و مانەوە لە کێوی عەرەفە دێت، کە بە پایەی گەورەی حەجکردن دادەنرێت. لە کۆتاییشدا حاجییان دیسان دەگەڕێنەوە مەککە بۆ سووڕانەوە لە دەوری کەعبە کە بە سووڕانەوەی ماڵئاوایی ناسراوە.