حەماس بۆ رووداو: بۆ رزگارکردنی چوار بارمتە ئیسرائیل 210 فەلەستینی کوشت


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس مەرجەکانیان بۆ راگرتنی جەنگ ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "بۆ رزگارکردنی چوار لە بارمتەکان، ئیسرائیل 610 فەلەستنیی کوشت و بریندارکرد."
 
باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، بەشداربوو و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
 
"210 فەلەستینی کوژران و 400ـی دیکە برینداربوون"
 
لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی نووسێرات رایگەیاند: "قەوارەی زایۆنی کوشتارگەیەکی لە دژی گەلی فەلەستین لە کەمپی نووسێراتی ناوەڕاستی کەرتی غەززە ئەنجامدا، بەهۆیەوە زیاتر لە 210 کەسی لە منداڵ و ژن و پیاو کوشت و زیاتر لە 400 کەسی دیکەشی بریندار کرد، بەشێکیان تەندروستییان زۆر ناجێگیرە".
 
باسم نەعیم دەڵێت: "ئەو کارەی بە پاساوی رزگارکردنی چوار ئیسرائیلی کرد، ئەوانەی لەلای مقاوەمەن، قەوارەی زایۆنی هێزەکانیان لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی ئاوارەکان و ئۆتۆمبێلی یارمەتییە مرۆییەکانەوە و بە جلوبەرگی فەلەستینییەوە ناردبووە ئەو شوێنە و لەوێ هەرکەسێک رووبەڕوویان بووەوە کوشتیان، تەنانەت ئەو سڤیلانەشی کە لەو دەوروبەرەدا بوون و چوونە ماڵەوە و هەموویان کوشت، ژن و منداڵ و پیاو و پاشان ئەو چوار کەسەیان برد، کە مێرمنداڵێک و سێ پیاو بوون.
 
ئەو بەرپرسەی حەماس باسی گواستنەوەشیان بۆ ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: "ئێمە دەڵێین ئەمە تاوانی جەنگە و رازی نابین بۆ رزگارکردنی ئەو چوار دیلە ئیسرائیلییە زیاتر لە 210 فەلەستینیی بێتاوان بکوژرێن و زیاتر لە 400 کەسی دیکەش بریندار بکرێن، لەکاتێکدا ئیسرائیل لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەستپێشخەریی کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەستی تەواوەتی و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان، ئەوە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاشەوە باسکرا."
 
بەرپرسەکەی حەماس لەبارەی دەستپێشخەریی ئەم دواییەی ئاگربەستیشەوە گوتی: "تێبینیمان کردووە ئەمە ئەو رەفتارەیە کە نەتەنیاهوو و حکومەتە رەگەزپەرستەکەی لە رۆژی یەکەمەوە گرتوویانەتەبەر بۆ چوونە نێو دانوستاندن. هەموو جارێک شاندێک بۆ دانوستاندن دەنێرێت یان دەستپێشخەرییەک دەکات، لەولاوە کوشتارگەیەک دروست دەکات. وەکو ئەوەی دواین جار روویدا. کاتێک بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند رازی بووە بەو دەستپێشخەرییەی لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە لە 5ـی ئایار پێشکێشی کردبوو، کەچی زایۆنی خۆی دەستپێشخەرییەکەی رەتکردەوە و چوونە نێو شاری رەفەح و سەتان هاووڵاتیی کوشت، لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوو دانوستاندنکاران لەرێگەی دەستپێشخەرییەکەوە گەیشتن بە ئاگربەستی کاتیی شەڕ و رزگارکردنی نزیکەی 110 دیل."
 
"نەتانیاهوو لە ترسی لێکۆڵینەوە لە 7ـی ئۆکتۆبەر شەڕ راناگرێت"
 
بەرپرسەکەی حەماس بێئومێدیشی لە گەیشتن بە ئاگربەستی تەواوەتی نیشاندا و پێیوایە حکومەتی ئیسرائیل و سەرۆکەکەی ئەوەیان ناوێت: "بەدڵنیاییەوە لەڕێگەی چاودێریکردنی رەفتارەکانی دوژمن بە درێژایی هەشت مانگی رابردوو ئێمە دڵنیاین نایەوێت بگاتە ئاگربەستی تەواوەتی و دەیەوێت شەڕ بەردەوام بێت، چونکە نەتەنیاهوو دەزانێت ئەگەر ئەمڕۆ ئەم شەڕە رابوەستێت، لیژنەکانی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی شکستەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 دەستپێدەکات."
 
دەشڵێت "رەنگە ئەم هەوڵەی دوێنێ بۆ رزگاکردنی چوار دیل سەرکەوتووبووبێت، بەڵام کوشتارگەیەکی دروستکرد، بەڵام پێشتر دەیان جار هەوڵیداوە و لە هەموو هەوڵەکانی شکستی هێنا و دیلەکانی کوشت و بەشێک لەو هێزەشی بەکوشتن دا کە بۆ رزگارکردنی ئەو دیلانە هاتبوون، بۆیە ئەو ئازادکردنی دیلەکانی بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکو بەردەوامیی شەڕی بەلاوە گرنگە."
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی حەماس پێیوایە، لە هێرشەکەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ رزگاکردنی چوار بارمتەکەی، هێزەکانی ئیسرائیل کوژراویان هەبووە: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کە پێمانگەیشتووە ژمارەیەک ئەفسەر و سەرباز لەم ئۆپەراسیۆنە لەناکاوەدا کوژراون، دوژمنیش دانی بەوەدا ناوە کە ئەفسەری بەرپرسی ئەو تیمەی بۆ رزگارکردنی بارمەتەکان هاتبوون کوژراوە، ژمارەیەکی دیکەی ئەفسەر و سەرباز برینداربوون."
 
"ئیسرائیل 70 لە دیلەکانی خۆی کوشت"
 
باسم نەعیم، دوایین ژمارەی دیلەکان بۆ رووداو ئاشكرا دەکات و دەڵێت: "لەنێوان 130 بۆ 134 دیل دەبێت، بەڵام بەدیاریکراوی نازانین چەندیان زیندوون و چەندیان لە بۆمبارانی دوژمنی زایۆنی کوژراون، ئەو ئافرەتەی دوێنێ رزگارکرا گوتی زیاتر لە جارێک رووبەڕووی بۆمبارانی دوژمنی زایۆنی بوونەتەوە و گوتەبێژی کەتیبەکانی عیززەدین قەسام رایگەیاند زیاتر لە 70 دیل بەهۆی هێرشەکانی زایۆنییەوە کوژراون."
 
لە وەڵامی پرسیاری تایبەت بە لێدوانەکانی بینیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە باسی کۆتاییهێنان بە حەماس دەکات، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی حەماس دەڵێت: "ئەم لێدوانە فەرمییەی سەرۆکی حکومەتی زایۆنی لە تەلئەبیب، جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو گوێ بە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست نادات و هەموو ئەو دانوستاندنانەشی دەیانکات بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانانەیە، کە دژی گەلەکەمان دەیانکات، بەڵام سەبارەت بەم ئامانجەی باسی دەکات، وەکو هەمووان دەزانن لە رۆژی یەکەمەوە ئەو ئامانجەی بەرزکردەوە و ئێستا کە لە مانگی نۆیەمی ئەو کوشتارگەیەداین دژ بە گەلەکەمانە نەیتوانیوە نە مقاوەمە کۆتایی پێبهێنێت، نە توانییەتی خەڵکی فەلەستنی لە کەرتی غەززە دەربکات، بەتەواوەتیش شکست دەهێنێت لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، چونکە چیرۆکەکە لەلای حەماس نییە، چیرۆکەکە لەلای گەلی فەلەستینە، کە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی تێدەکۆشێت."
 
"ئەمریکا نێوەندگیر نییە و حەماس سێ مەرجی هەیە"
 
باسم نەعیم باسی قۆناخی دوای شەڕیش دەکات و دەڵێت، رێگەنادەن جگە لە فەلەستینییەکان هیچ کەس و وڵاتێک بڕیار لەبارەی غەززەوە بدات: "زیاتر لە جارێک گوتوومانە دوای شەڕ پێویستە تەنیا فەلەستینییەکان بۆخۆیان بڕیاری لەبارەوە بدەن و رێگەنادرێت بە هیچ لایەنێکی عەرەبی بێت یان ئیسلامی یان نێودەوڵەتی دەستوەردان بکات لە کێشان و دیاریکردنی ئەو دیمەنەی دوای شەڕ دێتە کایەوە."
 
داواکارییەکانیشیان دەخاتەڕوو و دەڵێت: "گوتوومانە داوای پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتی نیشتمانی دەکەین، نوێنەرایەتیی هەموو فەلەستینییەکان بکات، بتوانێت دامەزراوەکان لە کەرتی کەناری رۆژئاوا و غەززە یەکبخاتەوە و غەززە ئاوەدانبکاتەوە و هەڵبژاردنێکی گشتگیر بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێی فەلەستنی بکرێت."
 
تایبەت بە سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە گوایە بەمنزیکانە سەردانی ئیسرائیل دەکات، بەرپرسەکەی بزووتنەوەی حەماس بە نەرێنیی باسی لەو سەردانە کرد و گوتی: "ئەمە سەردانی یەکەمی نییە، رەنگە سەردانی دەیەم و زیاتری ئەو وەزیرە بێت، لە رۆژی یەکەم کە چووە قەوارەی زایۆنی گوتی من وەکو جوویەک لێرەم نەوەک وەکو ئەمریکییەک، بۆیە ئەو نێوەندگیر نییە، لایەنێکی راستەوخۆی ئەم شەڕەیە."
 
دەشڵێت: "هەموو ئەوانەی لە کوشتارگەی دوێنێ کوژران بە چەکی ئەمریکی کوژران و زانیارییەکانیش ئەمریکییەکان پێیانداون، ئەمریکییەکانیش دانیان بەمەدا ناوە، ئەو دەیەوێت گوشار بخاتە سەر وڵاتانی عەرەبی، لەپێناو گوشارخستنە سەر حەماس، بەڵام جەخت دەکەینەوە کە گوشار لەسەر بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی حەماس نییە، تەنانەت ئەگەر ئەو گوشارەش هەبێت، حەماس ناچێتە هیچ رێککەوتنێکەوە ئەگەر ئاگربەستی تەواو و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی تێدا نەبێت، لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان، بۆیە ئەگەر هەوڵیش بدات لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە سەرناکەوێت."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، باسم نەعیم باسی مەرجەکانی بزووتنەوەکە بۆ دانوستاندن و راگرتنی شەڕ دەکات و دەڵێت: "مەرجەکانی مقاوەمە سێ دانەن، ئاگربەستی تەواو، کشانەوەی تەواوی هێزەکان، هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان و دوای ئەوە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەستپێدەکات."