سێنتکۆم: ناردنی هاوکاری بۆ غەززە لە رێگەی بەندەرەکەی ئەمریکاوە بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا دەڵێت، ناردنی هاوکاری لە رێگەی بەندەرە کاتییەکەی غەززە بەردەوام دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی بەندەرەکە بۆ ماوەیەک لەژێر چاککردنەوەدا بوو. لە یەکەم کاروانی نوێدا ئەمریکا 492 تۆن هاوکاریی ناردە نێو غەززە.
رۆژی یەکشەممە 09-06-2024 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، "هێزەکانی سێنتکۆم دووبارە دەستیان بە ناردنی هاوکاری بۆ غەززە لە رێگەی بەندەرە کاتییەکەی ئەمریکاوە کردەوە. ئەمڕۆ نزیکەی 492 تۆن لە پێداویستیی گرنگی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە نێردرا."
بە گوتەی سێنتکۆم، هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەچووەتە کەناراوەکانی غەززە.
سێنتکۆم دەڵێت، "بەندەرەکە، ستافی ئەمریکا و کەلوپەلەکانی ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکیان بەو ئۆپەراسیۆنەی دوێنێی ئیسرائیلەوە نییە، کە چوار بارمتەی تێدا ئازاد کران."
رۆژی هەینی 07-06-2024 ئەمریکا بەندەرەکەی چاککردەوە و بۆ ناردنی هاوکاری ئامادەی کرد.
سەرەتای مانگی پێنجی 2024 بەندەری کاتیی غەززە لەلایەن ئەمریکاوە کرایەوە. تەنیا لە مانگی رابردوودا نزیکەی هەزار تۆن هاوکاری لەو بەندەرەوە گەیشتووەتە نێو غەززە؛ بەڵام بەهۆی شەپۆلی بەرزی دەریاوە بەشێکی بەندەرەکە زیانی بەرکەوت و هاوکارییەکانی راگرت.
لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پلانی دروستکردنی ئەو بەندەرە کاتییەی غەززەی ئاشکراکرد و گوتی: "لەلایەن ئەمریکاوە دروست دەکرێت و 60 رۆژی پێدەچێت."
ئیسرائیل هەمیشە بەوە تۆمەتبارکراوە ناهێڵێت هاوکاری و خواردن و ئاوی پێویست بگاتە 2.4 ملیۆن دانیشتووی غەززە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، هاوکاریی ئاسمانی و ئاوی ناتوانێت جێگەی هاوکاریی وشکانی بگرێتەوە.