وەزیری وزەی سعودیە: خەونی بەستنەوەی کارەبای سعودیە و عێراق بووەتە راستی


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری وزەی سعودیە دەڵێت، پێکەوەبەستنەوەی کارەبای سعودیە و عێراق، سوودی بۆ تۆڕی کارەبای عێراق دەبێت و "خەونێک بوو بووەتە راستی."
 
عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلعەرەبیە" دەڵێت، ئەو پێکەوەبەستنە دەستکەوتی ئابووریی بەرچاو بەدەستدەهێنێت و برەو بە ئاسایشی وزە دەدات.
 
رۆژی چوارشەممە، 7-6-2023، زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق سەردانی بارەگای ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداوی لە سعودیە کرد و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنەکە باسیان لە پێشخستنی هەنگاوەکانی بەستنەوەی کارەبای عێراق بە کارەبای وڵاتانی کەنداوەوە کرد.
 
سەرەتای ئەم هەفتەیەش، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاندبوو، لە سەرەتای مانگی تەممووز، وەکو قۆناخی یەکەم، بەستنەوەی کارەبای عێراق بە کارەبای ئوردنەوە کارا دەکرێت کە تواناکەی 50 مێگاواتە و لە پارێزگای ئەنبارەوە هێڵەکە گەیێندراوەتە ئوردن و بۆ قەزای روتبە راکێشراوە.
 
ئەو هەنگاوانەی عێراق دوای ئەوە دێن کە بەردەوام ئەو وڵاتە تووشی رەخنە دێتەوە بەهۆی زۆری هاوردەی گاز لە ئێرانەوە بە مەبەستی دابینکردنی کارەبا.
 
ئێستا ئێران رۆژانە 25 ملیۆن مەتر سێجا گاز هەناردەی عێراق دەکات، رەنگە لە هاوینی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 50 ملیۆن مەتر سێ جا زیادبکات، ئەو بڕە دەتوانێت نزیکەی 7 بۆ 8 هەزار مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابینبکات.
 
لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 80 ملیار دۆلار لە کەرتی کارەبای عێراقدا خەرجکراوە، بەڵام نەتوانراوە کارەبای 24 کاژێری دابینبکرێت، ئێستا عێراق 24 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، لەکاتێکدا پێویستی بە 40 هەزار مێگاواتە.
 
بۆ زیاترکردنی کارەبا، حکومەتی عێراق پێنج گرێبەستی لەگەڵ وڵاتاندا کردووە، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کارەبا، جێبەجێکردنی هەموو رێککەوتنەکان، ساڵێک کاتی پێویستە.