حووسییەکان فڕۆکەخانەی جیزانی سعودیەیان بۆردوومانکرد

رووداو - هەولێر

حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی جۆری K2 هێرشیانکردووەتە سەر فڕۆکەخانەی جیزان لە سعودیە. 

فڕۆکەخانەی جیزان دەکەوێتە باشووری سعودیە و یەکێکە لەو پێگانەی سعودیە بۆ هێرشکردنە سەر حووسییەکان بەکاریدەهێنێت. 

بەپێی میدیای فەرمی حووسییەکان، ئامانج لەو هێرشە بەئامانجگرتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی بووە کە سعودیە لە دژی ئەوان بەکاریاندەهێنێت و پێگەکانیان بۆردووماندەکات.

هەفتەی رابردوو حووسییەکان رایانگەیاند، هەمان فڕۆکەخانەیان کردووەتە ئامانج. هاوکات چەند رۆژێک لەمەو پێشیش رایانگەیاند کە فڕۆکەخانەی نەجرانیان بە بەکاربردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆتەقێنەوە کردووەتە ئامانج.