فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە سێ سەرکردەی فەلەستینی دەکەنە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ 
 
لەگەڵ دەنگی بانگی بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 9-5-2023) لە مزگەوتەکانی کەرتی غەززەی فەلەستین، فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەند شوێنێکیان کردە ئامانج. وەک دەردەکەوێت ئامانجەکان لە ناوچەی سیڤیلن و ئیسرائیل دەڵێت سێ سەرکردەی سەرایا قودسی کردووەتە ئامانج و کوشتوونی.
 
سەرایا قودس، باڵی سەربازیی جیهادی ئیسلامییە و کوژرانی ئەو سێ سەرکردەیەی پشتڕاستکردەوە، کە پێکدێن لە جیهاد غەنام، فەرماندەی سەرایا قودس، تاریق عیزەدین و خەلیل بەهتینی، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەربازی.
 
هەر لەو بەئامانجکردنەی ئیسرائیلدا، هاوژین و ژمارەیەک منداڵی ئەو سەرکردانەش کوژران؛ بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ژمارەیان 6 منداڵە و لانیکەم، 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
محەممەد ئەبوو سەلمیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەفا لەبارەی قوربانییانی رووداوەکە دەڵێ "ئەوانەی گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکە، بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی، 12 شەهید  و لانیکەم 20 بریندارن. هێشتا دوژمنکاری بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە".
 
گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 40 فڕۆکەی سەربازی لە ئۆپەراسیۆ‌نێكی تایبەتدا هێرشیان کردە سەر 10 پێگەی "سەرایا قودس" و سەرجەم ئامانجەکانیان پێکا. هەروەها دەڵێ لە هێرشەکاندا چەندین کارگەی دروستکردنی مووشەک و کۆمەڵگەی سەربازی کرانە ئامانج.
 
حازم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات و دەڵێ "داگیرکاری زایۆنیستی ئەم بەرەبەیانییە تاوانێكی گەورەی کرد، ئەوەش بە ئامانجکردنی ماڵ و یەکەی نیشتەجێبوون و کوشتنی ژن و پیر و منداڵ و سەرکردەکانی بەرهەڵستکاری، گەلی فەلەستین وەڵامی ئەو تاوانە دەداتەوە".
 
میدیای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دەیان سەرباز و فڕۆکەوانی یەدەگی بانگهێشت کردووە بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ "هەر وەڵامێكی جیهادی ئیسلامی" بۆ سەر ئیسرائیل، گوتیشی تەلئەڤیڤ پێشبینی شەڕێکی چەند رۆژە لەگەڵ چەکدارانی سەریا قودس دەکات.