شەڕی شەش مانگەی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل باشووری لوبنان وێران دەکات

رووداو دیجیتاڵ

شارۆچکەی بەلدە لە باشووری لوبنان؛ ئاسەواری شەش مانگ شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیلی پێوە دیارە و زۆربەی وێران بووە. 
 
مووسا عیسا، دانیشتووی شارۆچکەی بەلدە دەڵێ "دەبینن زایۆنی ئیسرائیلی دوژمن چۆن ئەم ناوچەیەی وێران کردووە. سوورین لەسەر ئەوەی ناوچەکە لە پێشتر جوانتر بونیات بنێینەوە، بێ گوێدانە ئەو هەموو دوژمنکارییەی بەرامبەرمان دەکرێت." 
 
لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەززە لە حەوتی تشرینی یەکەمی پارەوە، شەڕ و پێکدادانەکان ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیلیشیان گرتووەتەوە.
 
بەهۆی ئەو شەڕ و پێکدادانەوە، 359 کەس لەنێو لوبنان کوژراون کە 289ـیان چەکداری حیزبوڵڵا بوون. 70ـشیان سڤیلن. هەروەها ئەو گرژییانە، نزیکەی 100 هەزار سڤیلیان لە باشووری لوبنان ئاوارە کردووە. هەرچی ئیسرائیلییەکانە، 22 کەسیان لێ کوژراوە کە 14ـیان سەرباز بوون ، لانیکەم 80 هەزار ئیسرائیلییش لە ناوچەکانی باکوور ئاوارە بوون. 
 
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا دەڵێ "بەرەی موقاوەمە لە لوبنان، لە جەنگ ناترسێت و بێخەمە. لە شەش مانگی رابردوودا سەرکردایەتیی جەنگەکەی کردووە بە روانگەیەکی ستراتیژی بەشێوەیەک کە سەرکەوتنی تەواو بەدەستبهێنێت و لوبنانیش بپارێزێت."  
 
ئیسرائیل هەزار و 400 ئامانجی لە رێگەی ‌هێرشی ئاسمانییەوە لەنێو لوبنان پێکاوە. ئەمەش لەکاتێکدایە لە رێگەی هێرشی رۆکێت و تانکەوە، 3 هەزار و 300 ئامانجی پێکاوە. 
 
بنیامین نتنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند "ئەم جەنگە، ئەو راستیەی بۆ جیهان سەلماند، کە ئیسرائیل لەمێژبوو دەیزانی. ئێران لەپشت هەموو ئەو هێرشانەوەیە کە لەرێگەی گرووپەکانییەوە دەکرێن. لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، زۆر هێرش کراون زۆریش لەلایەن ئەو گرووپانە کراون کە نزیکن لە ئێران، وەکو حەماس، حیزبوڵڵا، حووسییەکان، گرووپە میلیشیاکان لە عێراق و سووریا."  
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە؛ لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، سێ هەزار و 100 رۆکێت لەنێو خاکی لوبنانەوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کراون.