سعودیە: ئەم وەرزەی عومرە 200 هەزار عومرەکاری عێراق و هەرێمی کوردستان بە دەروازەی عەرعەردا هاتوون

 
رووداو دیجیتاڵ

عومرەکارانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە دەروازەی عەرعەرەوە دەیانەویت بچن بۆ ئەنجامدانی سوننەتی عومرە؛ لایەنی سعودیە تەواو ئامادەکاریی کردووە بۆ پێشوازییکردنیان. بۆ کەمکردنەوەی ماندووێتی، شوێنی تایبەت ئامادە کراوە بۆ پشوودان و رۆژوو شکاندن و بەربانگ کردنەوەیان.
 
ناسر سەعیدان، سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی نیشتمانی لە عەرعەر دەڵێت، "ئێمە لەم هۆڵەدا پێشوازی لە عومرەکارانی عێراقی و میوانانی ماڵی خودا دەکەین. لە رێگەی پرۆژەی ئیمارەتی سنووری باکوورەوە هەموو میوانداری و خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین دەکەین."
 
بەپێی ئاماری سعودیە، لە سەرەتای وەرزی عومرەوە لە رێگەی دەروازەی عەرعەرەوە سەروو 200 هەزار عومرەکاری عێراق و هەرێمی کوردستان گەشتی عومرەیان کردووە، سەروو 4000 پاس و 2750 ئۆتۆمبێلی تایبەت چوونە سعودیە.
 
عومرەکارێکی عێراقی دەڵێت، "ئاسانکارییەکان لە رێگەدا زۆر نایاب بوون لە لایەنی سعودیەوە. راشکاوانە بڵێم، چاوەڕێی ئەو جۆرە ئاسانکارییەمان نەکردبوو. دایکم پێی گوتم بە رێگەی وشکانیدا مەڕۆ، بە ئاسمانی بڕۆ، منیش گوتم نا، دەمەوێت دەروازە نوێیەکە ببینم، ماشەڵڵا هەمان ئەو تێڕوانینە باشە بوو کە پێشبینیم کردبوو."
 
نرخی گەشتی عومرە لە رێگەی وشکانییەوە نزیکەی 500 دۆلارە، بەڵام بە رێگەی ئاسمانی نزیکەی 1000 دۆلارە. بەهۆی جیاوازیی نرخەکەی، ئێستا بەشێکی زۆری خەڵک بە رێگەی وشکانیدا عومرە دەکەن.
 
عومرەکارێکی دیکەی عێراقی ئاماژە بەوە دەکات، "لەو کاتەوە هاتووینەتە نێو سنووری سعودیە، خەڵک دڵی بۆ واڵا کردین، ئاسانکاریی زۆرمان بینی، پاک و خاوێنی و رێکوپێکی، هەستمان بە ماندووێتی نەکرد لە دابەزین و سەرکەوتن."
 
لە هەرێمی کوردستان تائێستا بە فەرمی رێگەی وشکانی نییە بۆ عومرەکردن، بۆیە بەشێک لە خەڵک لەگەڵ کاروانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق گەشتی عومرە دەکەن؛ بەڵام بڕیارە بۆ حەجی ئەمساڵ 15%ی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وشکانییەوە حەج بکەن.