ئوردن: مووشەکێک لە خاکی ئێمەدا کەوتووەتە خوارەوە

09-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئوردن دەڵێت، مووشەکێک لە ئاسمانی وڵاتەکەی تەقیوەتەوە و کەوتووەتە خوارەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل لە زیادبووندان. 
 
رۆژی یەکشەممە، 9ـی نیسانی 2023، سوپای ئوردن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "کاژێر 10:25ـی شەوی شەممە، مووشەکێک لە نزیک سنووری سووریا لە ئاسمانی وادی عەقرەبە تەقیوەتەوە و پاشماوەکەی لە هەمان ناوچەدا کەوتووەتە خوارەوە".
 
سوپای ئوردن باس لەوە دەکات کە کەوتنی پاشماوەی مووشەکەکە هیچ زیانێکی نەبووە و "تیمەکانمان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن".
 
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە سوپای ئیسرائیل سووریای تۆپباران و بۆردوومان کرد، ئەو هێرشەی ئیسرائیل لە دوای ئەوەوە بوو کە لە سووریاوە شەش مووشەک ئاراستەی خاکی وڵاتەکەی کران. 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، کۆی گشتی شەش مووشەک لە سووریاوە هاوێژراون کە ژمارەیەکیان لە بەرزاییەکانی جۆلان کەوتوونەتە خوارەوە؛ گوتیشی کە زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لە ژمارەیەک ناوچە لێداوە.
 
ئیسرائیل لە ساڵی 1967دا لەدوای شەڕێکی شەش رۆژە هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە بەرزاییەکانی جۆلانی خاکی سووریا کۆنتڕۆڵکرد، بەڵام لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەر وەکو بەشێک لە خاکی سووریا دەناسرێت. ئەوەی لەو ناوچەیە روویداوە لەدوای هەڵکشانێکی تووند لە ناوچەکەدا دێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، پۆلیسی ئیسرائیلی هەڵیکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا. رۆژی دواتر، سەروو 30 مووشەک لەنێو خاکی لوبنانەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کران کە ئیسرائیل لەو بارەوە گوتی، لەلایەن گرووپە فەلەستینییەکانەوە ئاراستە کراون و لە وەڵامی ئەوەشدا سوپای ئیسرائیل غەزە و باشووری لوبنانی بۆردوومان کرد. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە