فڕۆکەی جەنگی B-52 بۆ لێدانی داعش بەكاردەهێندرێت

رووداو - رۆیتەرز

بەمەبەستی بەکارهێنانیان لە بۆردوومانكردن و بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ژمارەیەك فڕۆکەی جۆری B-52  دەبەنە بنکەی عەدید-ی سەربازی لە نێوەڕاستی قەتەڕ.

رۆژی شەممە 9-4-2016، لە زاری چاڵز براون، فەریق لە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بڵاوكرایەوە، بەكارهێنانی فڕۆکەی جۆری B-52 وادەکات گوشارەکان بۆسەر داعش بەردەوامبن، هاوکات بۆ دواڕۆژ دەبێتە بەرگریکردن لە ناوچەکە لە هەر بارودۆخێکدا.

ئەو فڕۆکە جەنگیانە دەتوانن ئۆپەراسیۆنی جۆراجۆری سەربازی ئەنجام بدەن، هاوکات دەتوانن پاڵپشتی ئاسمانی پێشکەش بەو هێزە زەمینییانە بکەن كە رووبەڕووی داعش دەبنەوە، لەگەڵ ئەنجامدانی هێرشی خێرا بە بەکارهێنانی چەکە پێشکەوتووەکان.

فەریق کریس کارنس، فەرماندەی سەربازی ئەمریکی، لەبەر هۆکاری ئەمنی رەتیدەکاتەوە ژمارەی فڕۆکە B-52- ەکان لە بنکەی سەربازی عەدید ئاشکار بکات. فڕۆکەی B-5 بە هەڵمەتبردن و باش لێدانی ئامانجەکان دەناسرێت، توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 32 هەزار کیلۆ بۆمبی هەیە.

بەگوتەی بەرپرسە ئەمریكییەكان، بڕیارە فڕۆكەی جۆری B-52 لە شوێنی فڕۆكەی جۆری B-1 دژی داعش لە عێراق و سووریا بەكاربهێندرێت.

50 ساڵە هێزی ئاسمانی ئەمریكا فڕۆكەی B-52 بەكاردەهێنێت. ئەو فڕۆكەیە بۆ هەڵدانی بۆمبی ئەتۆمی دروستكراوە و پێیدەڵێن (ستراتوفورتس) و رۆڵێكی باڵای لە شەڕی ڤێتنام، جەنگی كەنداو، ئەفغانستان و شەڕی عێراق هەبووە. 

ئەو فڕۆكەیە توانای هەڵگرتنی 85 بۆمبی هەیە، لەكاتێكدا كێشی هەر بۆمبێكیان 225 كگم بێت، هەروەها توانای هەڵگرتنی 12 بۆمبی لەژێر باڵەكانی هەیە، ئەگەر كێشی هەر یەكێكیان بگاتە 338 كگم.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە مانگی ئابی 2014-ەوە هێرشی ئاسمانی دژ بە بنکە و بارەگاکانی گرووپی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجام دەدات.

ستیڤن وارن، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، رۆژی سێشەممە 29-3-2016، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند "تێچووی هەر رۆژێکی گورزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا دەگاتە 11 ملیۆن دۆلار".