نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات: 10 منداڵ لە غەززە بەهۆی بەدخۆراکی مردوون

10-03-2024
نیاز مستەفا
برسییەتی لە غەزە
برسییەتی لە غەزە
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تەنیا بۆمب و رووخانی ماڵەکان نابنە هۆی مردنی منداڵان لە غەززە، بەڵکو وەکو چەند مانگە هۆشداری دەدرێت و بەپێی ئاماری فەرمی، ژمارەیەک منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە مردوون.
 
هەرچەندە هاوکاریی مرۆیی لەلایەن ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانەکانییەوە بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە بەردەدرێنەوە، بەڵام هاوکارییەکان بە هەمووان ناگەن.
 
جێرێمی لاورێنس، گوتەبێژی نووسینگەی کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێ "دەچینە نێو شەشەم مانگی ئەو پێکدادانە دڕندەییە کە بووەته هۆی تێکدانی ژیان و ماڵی ژمارەیەکی زۆری فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان. ترسمان هەیە کە ئەم دۆخە کارەساتبارە درێژەبکێشێت، لەکاتیکدا زۆربەی هاووڵاتییانی فەلەستینی بایەخ بە مانگی پیرۆزی رەمەزان دەدەن، کە تێیدا ئاشتی و لێبوردەیی گرنگییان پێدەدرێت".
 
ئەمریکا دەڵێت، بەندەرێک بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان لە غەززە دەکاتەوە. ئەو هاوکارییانە لە قوبرسەوە بە کەشتی دەگەیێندرێنە بەندەرەکەی کەرتی غەززە کە مەوداکەی نزیکەی 400 کیلۆمەترە.
 
رۆژی هەینی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا چووە قوبرس و ئامانجێکی سەردانەکەشی ئەوە بوو بزانێت، تاچەند گونجاوە زوو هاوکاریی مرۆیی لەوێوە بگەیێننە غەززە.
 
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا گوتی "زۆر نزیکین لە کردنەوەی رێڕەوێک، بەو هیوایەی ئەم یەکشەممەیە بکرێتەوە. دۆخی مرۆیی لە غەززە بۆ هاووڵاتیانی سڤیلی فەلەستینی، منداڵ و خێزانەکانیان زۆر خراپە. ئەوان پێویستییان بە پێداویستییە سەرەکییەکانە."
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی کەرتی غەززە 1.8 ملیۆنیان ئاوارە بوون؛ هەموو دانیشتووانەکەشی پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان دەبەستن.
 
576 هەزار کەس لە تەواوی ئەو ناوچەیەی فەلەستین لە برسییەتی کوشندەدا دەژین و 10 منداڵیش بەهۆی بەدخۆراکییەوە مردوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە