رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی تونس دەڵێن، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست ژێرئاوکەوتووە و لە ئەنجامدا 13 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 27 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێنن.
رۆژی هەینی، 9-2-2024، فەرید جەعا، گوتەبێژی دادگەی شاری مونەستیری تونس رایگەیاند، ئەو بەلەمەی ژێرئاوکەوتووە 42 کۆچبەری تێدا بوو و لە رووداوەکەدا 13یان گیانیان لەدەستدا، 27یان بێسەروشوێنن و دووەکەی دیکەشیان رزگارکراون.
فەرید جەعا دەشڵێت، ئەوانەی لەنێو بەمەلەکەدا بوون هاووڵاتیی سوودانی بوون.
بە گوێرەی ئاژانسی کۆچی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2011ەوە لانیکەم 2.32 ملیۆن دانیشتووی سوودان وڵاتی خۆیان جێهێشتووە، ئەوە جگە لە ئاوارەبوونی 2.22 ملیۆن کەسی دیکە. زۆربەی کۆچبەرەکان ئامانجیانە بگەنە وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا و بۆ ئەو مەبەستەش لە دەریای نێوەڕاستەوە هەوڵی چوون بۆ ئەوروپا دەدەن.
بەگوێرەی پاسەوانیی نیشتیمانیی تونس، ساڵی رابردوو 69 هەزار و 963 کۆچبەر لە تونس دەستگیرکراون، کاتێک لە هەوڵی ئەوەدا بوون لە دەرفەتێکدا بچنە ئەوروپا.
بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش، ساڵی رابردوو 2 هەزار و 498 کۆچبەر لە سنووری ئاویی نێوان لیبیا و تونس لەگەڵ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ