لە ئەفغانستان رێستۆرانتێکی تایبەت بە ژنان دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری هیراتی ئەفغانستان رێستۆرانتێک تایبەت بە ژنان کراوەتەوە و دوای ئەوەی حکومەتی تاڵیبان لە نێوەڕاستی ساڵی رابردووەوە چوونی کچان و ژنانی بۆ رێستۆرانتەکان و تێکەڵ بوون لەگەڵ پیاوانی لەو شارە قەدەخەکرد.
 
نەستەران هەقدۆست ژنێکی ئەفغانییە و لە یەکێک لە رێستۆرانتەکانی شاری هیراتی وڵاتەکەی خەریکی خوێندنەوەی کتێبە. دڵخۆشە بە کردنەوەی رێستۆرانتێک تایبەت بە ژنان، چونکە لەمەودوا دەتوانێت لەگەڵ هاوڕێکانی ئازادانە سەردانی بکات. 
 
نەستەران هەقدۆست دەڵێت، "من توانیم دوای ماوەیەکی زۆر هەموو بەربەستەکان تێپەڕێنم و بێم لە شوێنێکی ئاوا بەبێ ترس و بێ هیچ بەربەستێک چا بخۆمەوە و کتێب بخوێنمەوە. دڵخۆشم کە شوێنێکی ئاوا بۆ ژنان هەیە کە ژنان دەتوانن بەبێ کێشە لەگەڵ هاوڕێکانیان کۆببنەوە و نان بخۆن."
 
لە نێوەڕاستی ساڵی رابردووەوە، حکومەتی تاڵیبان لەسەر سکاڵای مامۆستایانی ئایینی و بە تۆمەتی تێکەڵاوی نێوان ژنان و پیاوان، بە بڕیارێک چوونی ژنانی بۆ رێستۆرانتەکان، لە شاری هیرات قەدەخەکرد. 
 
لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی 2021، کارکردن، گەشتکردن و چوون بۆ شوێنە گشتییەکانی لە کچان قەدەخەکرد و ژنانیش دەبێت لە کاتی چوونە دەرەوە کەسێکی نزیکیان لەگەڵ بێت.
 
لە دوای پۆلی شەشی سەرەتاییشەوە کچان رێگەیان پێنادرێت لە خوێندن بەردەوام بن، ژنان و کچان ئازادییان بەرتەسککراوەتەوە، هەربۆیە دڵخۆشن کە شوێنێکی وەکو ئەو رێستۆرانتە هەیە و دەتوانن سەردانی بکەن. 
 
مەریەم ئەمیری، هاووڵاتییەکی دیکەی ئەفغانییە لەبارەی رێستۆرانتەکەوە گوتی، "من زۆر دڵخۆشم لەبەر ئەوەی ئەو شوێنە بۆ ئێمەی ژنان شوێنێکی باش و سەلامەتە. ژنان دێنە ئێرە و لێرە نان دەخۆن. من لێرە هەست بە سەلامەتی دەکەم، لەبەر ئەوەی شوێنەکانی دیکە لەرووی ئەمنییەوە بۆ من باش نییە."
 
ئەفغانستان زیاتر لە 28 ملیۆن دانیشتووی هەیە و لەرووی ئابوورییەوە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و دوو لەسەر سێی دانیشتووانەکەی پشت بە یارمەتییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن.