نەتەوە یەکگرتووەکان: زۆرینەی منداڵانی غەززە تووشی زەبری دەروونی بوون

09-02-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، بەهۆی بەردەوامی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، زۆربەی منداڵانی غەززە تووشی زەبری دەروونی بوون، داواش دەکات، کاربکرێت بۆ ئەوەی لەڕووی دەروونییەوە پاڵپشتی لە منداڵانی غەززە بکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی شوباتی 2024، ئان سکێڵتن، سەرۆکی دامەزراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵ (CRC) لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "مافی ئەو منداڵانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەژین، بەشێوەیەک پێشێل دەکرێت کە بە دەگمەن لە مێژوودا بینراوە."
 
سکێڵتن دەشڵێت، "ئێمە داوای پاڵپشتییەکی دەروونی بەرفراوان بۆ منداڵان و خێزانەکانیان دەکەین، بۆ ئەوەی لە کاریگەرییە زیانبەخشە درێژخایەنەکانی شەڕ بەدوور بن."
 
بڕیاربوو لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، کۆنفرانسێکی تایبەت بە پرسی منداڵانی غەززە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئیسرائیل بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە تاوەکو ئێستا کۆنفرانسەکە نەکراوە. 
 
بە گوێرەی تەندروستی غەززە، 28 هەزار منداڵ و ژن لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە کوژراون. 
 
ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، کە 17 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی شەڕەوە لە خێزانەکانیان دابڕاون. ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی هەموو منداڵانی غەززە پێویستییان بە پشتیوانی دەروونی هەیە.
 
رێکخراوی Euro-Med کە رێکخراوێکی داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، زیاتر لە 24 هەزار منداڵی غەززە، دایک یان باوکیان لەدەستداوە.
 
بە گوتەی رێکخراوی Save the Children تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار منداڵی غەززە لە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل کوژراون، واتە لە هەر رۆژێکدا 100 منداڵ لە غەززە کوژراون.
 
لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە زیاتر لە 20 هەزار منداڵ لە غەززە لە دایکبوون، ئێستاش زیاتر لە 52 هەزار خانم لە غەززە دووگیانن، تەندروستیی جیهانیش دەڵێت، پێویستییان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە.
 
جەنگی غەززە زیاتر لە چوار مانگە بەردەوامە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 هەزار کەس لە کەرتەکە کوژراون و بریندار بوون و لە 2.4 ملیۆن دانیشتووی غەززەش، 80٪ـیان ئاوارە بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە