رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی بەرگریکردن لە رۆژنامەڤانان، ناسراو بە (CPJ)، نوێترین ئاماری رێکخراوەکەی لەسەر رۆژنامەڤانان و میدیاکارە قوربانییەکانی شەڕی سێ مانگەی غەززە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو جەنگە کاریگەرییەکی کوشندەی لەسەر کاری رۆژنامەڤانان هەبووە.
رۆژی سێشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2024، رێکخراوی بەرگریکردن لە رۆژنامەڤانان، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە دەستپێکی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و راگەیاندنی جەنگ لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دژی ئەو گرووپە چەکدارانە لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، 79 رۆژنامەڤان و میدیاکار لەو جەنگەدا کوژراون.
هەروەها ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو جەنگە خوێناویترین ململانێ بووە بۆ رۆژنامەڤانان لەدوای ساڵی 1992، ئەو ساڵەی بۆ یەکەمین جار رێکخراوی سی پی جەی ئاماری قوربانییانی رۆژنامەڤانانی لە جیهاندا تۆمار کرد.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی رێکخراوی بەرگریکردن لە رۆژنامەڤانان بڵاویکردووەتەوە، لەنێو ئەو 79 رۆژنامەڤان و میدیاکارانەی لەو جەنگەدا کوژراون، 72یان فەلەستینی بوون، چواریان ئیسرائیلی و سێیەکەی دیکەش لوبنانی بوون.
ئەمەش بێجگە لەوەی 16 رۆژنامەڤانی دیکە بریندار بوون و سێی دیکەش بێسەروشوێنن.
بەپێی راپۆرتەکەی رێکخراوی بەرگریکردن لە رۆژنامەڤانان، لە سەرەتای ئەو جەنگەوە، 21 رۆژنامەڤان دەستبەسەر کراون.
لەوبارەیەوە، شەریف مەنسوور، رێکخەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەو رێکخراوە دەڵێت، "رێکخراوەکەمان جەخت لەوە دەکاتەوە کە رۆژنامەڤانانیش خەڵکی سڤیلن و کارێکی گرنگ دەکەن و نابێت بکرێنە ئامانج. رۆژنامەڤانان لە سەرانسەری ناوچەکە قوربانیی گەورە دەدەن بۆ رووماڵکردنی ئەو ململانێ ناخهەژێنە، بەتایبەتی ئەوانەی لەنێو کەرتی غەززەن، کە باجێکی گەورەیان داوە و رووبەڕووی کوشتن و هەڕەشە و دەستگیرکردن و لەدەستدانی کەسوکار و هاوکارانیان بوونەتەوە."
بڵاوبوونەوەی ئاماری رێکخراوی بەرگریکردن لە رۆژنامەڤانان لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە دەکات کە رۆژنامەڤانان لە جەنگی غەززەدا کراونەتە ئامانج، ئەمەش لەدوای ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور داوایەکی لە دادگەی لاهای پێشکێش کرد و رایگەیاند، "تاوانی جەنگ لە دژی رۆژنامەڤانان کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ