بلینکن لە ئیسرائیلەوە: هیوای دەوڵەتی فەلەستینی بە زیندوویی بهێڵنەوە

09-01-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ. وێنە: EVELYN HOCKSTEIN / AFP
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ. وێنە: EVELYN HOCKSTEIN / AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ چوارەم جار لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە گەیشتەوە ئیسرائیل و لە کۆبوونەوەکانیدا بە بەرپرسانی ئیسرائیلی راگەیاند، هێشتا هیوایەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ماوە، ئەویش بە گرتنەبەری رێگەیەک بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی فەلەستینی.
 
رۆژی سێشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2024 ئەنتۆنی بلینکن، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل، لەنێویشیان بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هاوتا ئیسرائیلییەکەی ئیسرائیل کاتز لە تەلئەڤیڤ کۆبووەوە. بلینک رایگەیاند، ئەو پەیامانە دەگەیێنێتە بەرپرسانی ئیسرائیل کە لەلایەن بەرپرسانی وڵاتانی ئوردن، قەتەر، ئیمارات و سعودیە لە دوو رۆژی رابردوودا گوێبیستی بووە.
 
پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی، بلینکن رایگەیاندبوو، لە سەردانەکەیدا بۆ تەلئەڤیڤ، گوشار لە ئیسرائیلییەکان دەکات کاری زیاتر بکەن بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیلی غەززە و رێگەش بدەن هاوکاریی مرۆیی زیاتر بگاتە دەست خەڵکی غەززە.
 
ئەو هەوڵانەی بلینکن لە کاتێکدایە، شەوی دووشەممە 8ی کانوونی دووەم جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەکەی لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر هێڵن بۆ کشانەوەی ژمارەیەک لە هێزەکانیان لەنێو کەرتی غەززە.
 
بلینکن رایگەیاندووە، هەوڵیداوە چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ پرسی ئیسرائیل و فەلەستین بدۆزێتەوە، ئەمەش بەو ئامانجەی کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت، کە تائێستا بووەتە هۆی کوژراونی زیاتر لە 23 هەزار فەلەستینی و لانیکەم 1200 ئیسرائیلی.
 
لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، بلینکن گوتی، "پێموایە ئێستا دەرفەتێکی راستەقینە هاتووەتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت بەو قۆناخە زەحمەتەدا تێپەڕبین و دڵنیا بین لەوەی رووداوی هاوشێوەی 7ی تشرینی یەکەم جارێکی دیکە روونەداتەوە و ئاییندەیەکی جیاواز و باشتر بوونیات بنێین."
 
ئەمەش بێجگە لەوەی لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی زەوینیی ئیسرائیل بۆ نێو کەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، لە شەڕ و پێکدادانەکاندا تائێستا 187 سەربازیان کوژراوە، لە بەرامبەردا زیاتر لە 8000 چەکداری فەلەستینییان کوشتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە