هەڵوێستی ئێران لەسەر کەوتنی ئەسەد

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، دیاریکردنی چارەنووس و بڕیاردان لەسەر ئایندەی سووریا "بەرپرسیارێتیی خەڵکی ئەم وڵاتەیە، بەبێ دەستێوەردانی وێرانکەر و سەپاندنی دەرەکی." 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، دیاریکردنی چارەنووسی گەلی سووریا "پێویستی بە کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان دەستبەجێ پێشگرتنە لە کردەوە تیرۆریستییەکان و دەستپێکردنی دیالۆگی نیشتمانی بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا، لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان کە نوێنەرایەتیی هەموو گەلی سووریا بکات." 
 
وەزارەتەکە هاوکات، جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی سووریا دەکاتەوە کە رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ دۆخی وڵاتەکە دەخاتەڕوو. 
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ سووریا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، پێشبینی دەکەن پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت. 
 
وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەدات، ئێران بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکە دەکات و بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسوکەوتی کاراکتەرە کاریگەرەکان لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی سووریادا "رێباز و هەڵوێستی گونجاو دەگرێتەبەر." 
 
ئەمڕۆ لە دیمەشق هێرشکرایە سەر باڵیۆزی ئێران و تاڵانکرا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا دەکات، "شکۆی شوێنە پیرۆزەکان، هەروەها ئاسایشی خەڵکی سووریا و هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە و شوێنە دیپلۆماسی و باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بپارێزرێت."

دوای 53 دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 8-12-2024 هێزەکانی دەستەی تەحریری شام گەیشتنە دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەی لە سووریا هێنا. ئەسەد بۆ شوێنێکی نادیار هەڵات و چارەنووسی نادیارە. 

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە وڵاتێکی پاڵپشتیکاری سووریا دەناسرێت، دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە وڵاتەکە روویانداوە، "جەخت لەسەر پێگەی گرنگی سووریا دەکاتەوە و هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ دابینبوونی ئاسایش و سەقامگیری لەو وڵاتە و بۆ ئەو مەبەستە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنە کاریگەرەکانی ناوچەکە دەکات."