لەسەرەتای ساڵی نوێوە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارییەکان بۆ ئاوارەکانی سووریا رادەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەڕی نێوخۆی سووریاوە تاوەکو ئێستا شەش ملیۆن و 700 هەزار کەس ئاوارە بوونە لەنێوخۆ و دەرەوە، ماوەی 12 ساڵە ئاوارەی نێو کامپەکان لە ژیانێکی پڕ نەهامەتیدا دەژین، ئێستاش رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار بوونەتەوە، چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارە لە ساڵی داهاتووەوە هاوکارییەکانیان رابگرێت.
وەدیعە خەلەف، یەکێکە لە ئاوارەکانی کامپی ئیدلبی سووریا دەڵێت، "ئەو بڕیارە کاریگەریی لەسەر تەواوی خەڵکی ناوچەکە دەبێت، نەک تەنیا ماڵباتەکەی ئێمە. هەمووان هیوایان لەسەر ئەو کەمە خۆراکە هەڵچنیبوو کە بۆمان دابین دەکرا و هەندێک برنج و ساوەر و پێداویستییە سەرەتاییەکانی نێو ماڵی تێدا بوو."
رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی کۆمەک و هاوکاریی وڵاتان، ناچارن لەسەرەتای ساڵی نوێوە، هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکانی سووریا رابگرن.
قەیرانی سووریا، کە پێی ناوەتە 13مین ساڵییەوە، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، شەش ملیۆن و 700 هەزار کەس ئاوارە بوونە. 15 ملیۆن و 300 هەزار کەسیش پێویستیان بە هاوکاریی هەیە. لەمانگی تەممووزی رابردوو، رێکخراوی خۆراکی جیهانی رایگەیاند، ناچار بووە هاوکاریی 45٪ـی سوورییەکان رابگرێت.
لە سەرەتای ئەم ساڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان، پێویستی بە زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلارە، بەڵام تائێستا توانیویەتی تەنیا 168 هەزار دۆلار کۆبکاتەوە.
عەلی فەرحەد، بەرپرسی کامپی ئاوارەکانە لەو وڵاتە و باس لەوە دەکات کە "ئێمە ئاگادارکراینەوە کە رێکخراوەکان هاوکارییەکان بۆ کامپەکان رادەگرن، ئەمەش ئەگەری زۆرە نەهامەتییەکان زیاتر بکات، بەتایبەتیش بەهۆی نەبووی هەلی کارەوە."
لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، خۆراکی جیهانی راگەیاند، نەبوونی کۆمەک وایکردووە هاوکارییە مرۆییەکانی لە زۆر ناوچەی جیهان رابگرێت و ئەمەش وایکردووە، لانیکەم 24 ملیۆن کەس لەجیهاندا رووبەڕووی برسیێتی بکاتەوە.