کۆمەڵەی خێرخوازیی کوردانی لوبنان: بەهۆی جەنگەوە نزیکەی 80 هەزار کورد ئاوارە بوون
رووداو دیجیتاڵ
شەڕی لوبنان دۆخی پەنابەرانی کوردی لەو وڵاتە سەختتر کردووە، سەرۆکی کۆمەڵەی خێرخوازیی کوردانی لوبنان دەڵێت، بەهۆی شەڕەوە نزیکەی 80 هەزار کورد لە لوبنان ئاوارە بوون و بەشێکیان لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە.
ئەمڕۆ هەینی 08-11-2024 لوقمان حوسێن مەحۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی خێرخوازیی کوردانی لوبنان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هیڤیدار زانا پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە، دۆخی لوبنان زۆر خراپە، کوردانی رۆژئاوای کوردستان لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان بوون، ئێستا ئاوارەی بەیرووت بوون."
لوقمان حوسێن مەحۆ گوتی، ئەوانەی لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان بوون، نزیکەی 30 هەزار کوردی رۆژئاوای کوردستانن کە چوونەتە دەوروبەری بەیرووت، هەروەها نزیکەی 50 هەزار کوردی لوبنانیش گوندەکانی باشووریان جێهێشتووە و چوونەتە دەوروبەری تەرابلوس.
سەرۆکی کۆمەڵەی خێرخوازیی کوردانی لوبنان ئاماژەی بەوە دا، جەنگ هەموو ئەو ناوچانەی نەگرتووەتەوە کە کورد تێیاندا دەژی، "ئێستا لە بەشێکی بەیرووت شەڕ هەیە، کە ئەندامان و سەرکردەکانی حیزیبوڵڵای لێیە."
بە گوتەی لوقمان حوسێن، لەو کوردانەی کە ئاوارە بوون، نزیکەی 6000یان چوونەتەوە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، نزیکەی 3000 بۆ 4000یان لە دەوروبەری بەیرووت خانوویان بە کرێ گرتووە، هەروەها ژمارەیەکیان لەلایەن حکومەتەوە لە قوتابخانەکاندا شوێنیان بۆ دابینکراوە، بەشێکیشیان تاوەکو ئێستا لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە.
وەکو سەرۆکی ئەو کۆمەڵە خێرخوازییە دەڵێت، "لەلایەن قەتەر، سعودیە و ئیماراتەوە هاوکاریی خەڵکی دەکرێت، بەڵام هیچ کەسێک هاوکاریی ئێمەی کورد ناکات و هیچ شتێکمان لە هاوکارییەکان پێ ناگات."
لوقمان حوسێن مەحۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کەشوهەوای ئێستای لوبنان زۆر ساردە و کوردانی ئاوارە هەموو شتێکیان وەکو دەرمان، خواردن، جلوبەرگ، بەتانی و دۆشەگ پێویستە.
بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، زیاتر لە 1.3 ملیۆن لوبنانی ئاوارە بوون، کە بەشێکیان روویان لە عێراق کردووە.
مستەفا شێخۆ، چالاکڤانی کورد لە باشووری لوبنان بە رووداوی گوت، بە نزیکەیی 225 هەزار کورد لە لوبنان دەژین، زۆربەیان خەڵکی عەفرینن.