ئێران: پەیوەندیمان بە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریادا نییە

08-11-2023
سینا سۆما
A+ A-
هەولێر دیجیتاڵ

ئێران لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتیکردووەتەوە، دەستیان لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریادا هەبێت، لە کاتێکدا ئەمریکا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات؛ پشتگیری هەندێک میلیشیای شیعە لە ناوچەکە دەکات، کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانیان.
 
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2023، نامەیەکی بۆ ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژانگ جون، باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردووە، تێیدا هەموو ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە رۆڵی ئێران لە هێرشەکانی ئەم دواییەی دژ بە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق دەکرێن، رەتکردووتەوە.
 
بەگوتەی ئەمیرسەعید ئیرەوانی، ئەو نامەیە لە وەڵامی نامەی باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بووە، کە تێیدا بانگەشەی ئەوە کراوە، ئێران دەستی لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق هەبووە.
 
ئیرەوانی گوتی "هەموو ئەو بانگەشانەی لە نامەکەدا باس کراون، بێ بنەمان و بە تووندی رەتیاندەکەینەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهیچ شێوەیەک دەستی لە هیچ کار و هێرشێکی سەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراقدا نەبووە."
 
بەگوتەی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵدەدات بەپێی شرۆڤەیەکی نادروست، مادەی 51ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرەنسیپی مافی بەرگریکردن لەخۆ، بکاتە بنەما بۆ رەوایەتیدان بە کردەوە سەربازییەکانی لە سووریا و جەختی لەوە کردەوە، "ئامانج لەو بانگەشە بێ بنەمایانە، بیانووهێنانەوەیە بۆ پێشێلکردنی بەردەوامی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ئەمریکا لەنێو خاکی سووریادا."
 
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیکردەوە، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا "نایاسایی و داگیرکارییە" و، حکومەتی سووریا چەندین جار داوای کردووە، کۆتایی بە بوونی "نایاسایی" هێزەکانی لە نێو خاکی ئەو وڵاتە بهێنێت.
 
سەبارەت بە هێزەکانی ئێران لە سووریاش، ئەمیرسەعید ئیرەوانی گوتی "بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا یاساییە و لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی سووریا و لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە. ئێران جەخت لە پابەندیی خۆی بە رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە دەکات."
 
دوای 7ی تشرینی یەکەمی 2023، کە شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکرد، هێرشەکانی سەر ‌‌هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق زیادیان کردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و، بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان "بە سووکی" بریندار بوون. 
 
واشنتن هێرشەکان دەخاتە ئەستۆی ئەو هێزانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەو چوارچێوەیەشدا مانگی رابردوو چەند ئامانجێكی لە سووریا بۆردوومان کرد و دەڵێت ''لەو گرووپانەن، کە سەر بە تارانن." 
 
هێرشکردنە سەر هێزەکانی نزیک لە ئێران، بەگوتەی پێنتاگۆن، پەیوەندیی بە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززەوە نییە و دەڵێت "ئەو هێرشانە ئامانج لێیان بەرگریکردنە و بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کراون و، جیاوازن لەو ململانێیەی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس و گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس دروستناکەن."
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا هەن، هەروەها 900 سەربازیش لە سووریان لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش هەن، ئەو گرووپەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا پانتاییەکی فراوانی لەو دوو وڵاتە داگیرکردبوو و دواتر بە گورزی ئاسمانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزی پیادەی ناوچەکە بەرپەرچدرانەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە