قەیرانی جگەرە لە کەرتی غەززە دروستبووە؛ نرخی پاکەتێک زیاترە لە 4 دۆلار

رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل، نرخی جگەرە هاوشێوەی کەلوپەلەکانی دیکە بەرزبووەتەوە، پاکەتێک جگەرە لە پێشوودا، بەهاکەی3.1 دۆلاری ئەمریکی بوو ئێستا بە نزیکەی 4.2 دۆلارە.
 
عادل فەرە، هاووڵاتییەکی غەززەیە لەبارەی گرانبوونی نرخی جگەرەوە دەڵێت، "ئەمڕۆ وەک دەبینی، پاکەتێک جگەرە کە نرخی 12 شێکڵ بوو ئێستا بە 16یە. ئەوەی بە 18 بوو ئێستا بە 22ـە. جگەرەکێشم بەڵام ئێستا بە ئەستەم دەتوانم پێنج جگەرە لە رۆژێکدا بکێشم."
 
هەربۆیە بەشێک لەو هاووڵاتییانە لەبری کڕینی جگەرە بە پاکەت، پەنا بۆ کڕینی بە دانە دەبەن. بەشێکیشیان رێنماییان پێدراوە کە ئەو کارە نەکەن بەڵام سوودێکی ئەوتۆی نەبووە.
 
ئەو هاوڵاتییەی غەززە باس لەوە دەکات کە "واز لە جگەرەکێشان دەهێنم، بۆ گەڕان بەدوای خواردن و خواردنەوە."
 
بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، گەیشتنی جگەرە بە کەرتەکە کەمبووەتەوە. ئەوەش هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
 
زیاتر لە مانگێکە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل بەردەوامە و تائێستا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 10 هەزار و 569 کەس لە فەلەستین کوژراون، کە چوار هەزار و 324 کەسیان منداڵن و هەشت هەزار و 823ـشیان ژنن.
 
هێزی بەرگریی ئیسرائیلیش دەڵێت، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لەوەتەی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە گیانیان لەدەستداوە، بۆ 1600 کەس بەرزبووەتەوە.
 
شەڕی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین دوای ئەوە هەڵگیرسا، کە چەکدارانی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 1400 کەسیان کوشت، زیاتر لە 240 کەسیشیان بە بارمتەگرت کە تاوەکو ئێستا زۆربەی بارمتەکان لەدەستی حەماس ماونەتەوە.