غەززە دوای مانگێک لە جەنگ؛ ئەمریکا لەگەڵ داگیرکردنەوەیدا نییە
رووداو دیجیتاڵ
مانگێک بەسەر جەنگی خوێناویی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە تێپەڕی. لەنێو 10 هەزار کەس کە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی نیوەیان منداڵن. تادێت لێکەوتەکانی جەنگەکە فراوانتر دەبن و ئاسۆیەکیش بۆ راگرتنی دیار نییە. ئەمریکاش دەڵێت، "هەڵەیەکی گەورەیە" ئیسرائیل دووبارە ئەو کەرتە داگیربکاتەوە.
جەنگەکە لە بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد کاتێک سەدان چەکداری کەتائیبی قەسام کە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسە لە چەند خاڵێکەوە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل. ئەو هێرشانە بوونە هۆی کوشتنی زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی و بەدیلگرتنی لانیکەم 240 کەس.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانییەوە، کەرتی غەززەی کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیاتر لە 10 هەزار و 300 فەلەستینی کوژراون.
"غەززە؛ گۆڕستانی منداڵان"
فەلەستینییەکان دەڵێن لەنێو قوربانییەکانی یەک مانگی جەنگەکە، پشکی شێر بەر منداڵان کەوتووە و زیاتر لە 4 هەزار و 200 لە کوژراوەکان منداڵان کە لانیکەم هەزار و 300یان هێشتا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی کەرتی غەززەدان.
هەرچەندە ئەمریکییەکان گومانیان لە ئاماری بەرپرسانی کەرتی غەززە هەیە، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەی بایدن چەند جارێک بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، ژمارەی قوربانییان لە هەزارەکاندایە، ئیسرائیلییەکانیش دەڵێن هەموو رێکارێکیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی خۆیان لە زیانی گیانی خەڵکی سڤیل بەدووربگرن و لە هێرشەکانیاندا تەنیا چەکداران و پێگەکانی حەماسیان لەنێو کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات، لە پێش هەموو هێرشێک خەڵکی سڤیلی ئاگادارکردووەتەوە ناوچەکە چۆڵ بکەن و جەختیش لەوە دەکەنەوە، حەماس تەواوی بەرپرسیارێتی قوربانییانی سڤیل دەگرێتەئەستۆ.
سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی بە ئامانجکردنی منداڵان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا دەڵێت "غەززە بووەتە گۆڕستانی منداڵان، بە سەتان کچ و کوڕ کوژرا و برینداربوون. لە ماوەی چوار هەفتەی شەڕەکەدا، ژمارەی ئەو رۆژنامەڤانانەی لەو شەڕەدا کوژراون، زۆر زیاترە لە ژمارەی کوژرانی رۆژنامەڤان لە هەر شەڕێکدا کە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا روویداوە."
دیمەنی کوشتن و برینداربوونی منداڵان کاردانەی نێودەوڵەتیشی لێکەوتووەتەوە و رۆژانە بە هەزاران کەس لە پایتەختەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور و باشوور خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست دەکەن.
چۆڵبوونی کەرتی غەززە
درێژەکێشانی جەنگەکە و زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی سڤیل لە کەرتی غەززە دەنگی ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر کردووە و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان چەند جارێک داوای ئاگربەستیان کردووە تاوەکو بە فریای غەززەییەکان بکەن، بەڵام ئیسرائیل هەموو جۆرە ئاگربەستێکی رەتکردووەتەوە. شەوی سێشەممە، 7-11-2023 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "هیچ سووتەمەنییەک ناگاتە غەززە، هیچ کرێکارێک ناگاتە غەززە و هیچ ئاگربەستێکیش بەبێ ئازادکردنی بارمتەکانمان نابێت."
هەر رۆژی سێشەممە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی غەززەوە رایگەیاند، ئەو جەنگە بە خوێناوترین جەنگ بۆ کارمەندانی رێکخراوی ئانوارە دادەنرێت کە لقی رێکخراوەکەیانە لە غەززە. ئەو رێکخراوەش دەڵێت، لە سەرەتای بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، 70٪ـی دانیشتووانانی کەرتەکە ئاوارەبوون.
پێش جەنگ ژمارەی دانیشتووانی کەرتی غەززە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس بوو، ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەو ژمارەیە، زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار کەس ئاوارە بوون کە زۆربەیان لە بەشی باکووری کەرتەکەوە روویان لە باشوور کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن هێشتا لانیکەم، 350 هەزار خەڵکی سڤیل لە ناوچە مەترسیدارەکانی نزیک لە شەڕوپێکدادانەکان گیریان خواردووە و ژیانیان لە مەترسیدایە.
شەڕی کۆڵان بە کۆڵان
ئیسرائیل لە سەرەتاوە بە هێرشی ئاسمانی دەستیپێکرد تاوەکو زۆرترین زیان بە پێگەکانی حەماس لەنێو غەززە بگەیێنێت کە لە ساڵی 2007ـەوە ئەو کەرتە بەڕێوەدەبات و بەگوێرەی شارەزایانی سەربازی، شەڕی غەززە بۆ ئیسرائیل ئاسان نابێت. ئەمەش بەهۆی ئەو زنجیرە تونێلانەی لەژێر کەرتی غەززە دروستیان کردووە بە مەبەستی کۆکردنەوەی چەک و پێداویستییەکانیان و هەندێک لە تونێلەکان بە کیلۆمەتر درێژن و بە میترۆی غەززە ناسراون.
هەرچەندە تائێستا سوپای ئیسرائیل بە فەرمی دەستپێکردنی هێرشی زەوینی بۆ سەر غەززە رانەگەیاندووە، بەڵام لە 30ی تشرینی یەکەمی 2023وە سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا هێرشی زەوینی دەستپێنەکات، سوپای ئیسرائیل بە نافەرمی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ نێو کەرتی غەززە دەستپێکرد.
مایکڵ نایتس، پسپۆڕی سەربازی لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی نزیک، لە راپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژەی بەوە کردووە، راستییەکەی ئیسرائیل نەیویستووە خۆی تووشی شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی نێو کەرتی غەززە بکات، لەگەڵ ئەوەی کە حەماس ئەزموونی 15 ساڵ بوونیاتنانی بەرگریکردنی هەیە.