رووداو دیجیتاڵ
مانگێک بەسەر جەنگی خوێناویی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە تێپەڕی. لەنێو 10 هەزار کەس کە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی نیوەیان منداڵن. تادێت لێکەوتەکانی جەنگەکە فراوانتر دەبن و ئاسۆیەکیش بۆ راگرتنی دیار نییە. ئەمریکاش دەڵێت، "هەڵەیەکی گەورەیە" ئیسرائیل دووبارە ئەو کەرتە داگیربکاتەوە.
جەنگەکە لە بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد کاتێک سەدان چەکداری کەتائیبی قەسام کە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسە لە چەند خاڵێکەوە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل. ئەو هێرشانە بوونە هۆی کوشتنی زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی و بەدیلگرتنی لانیکەم 240 کەس.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانییەوە، کەرتی غەززەی کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیاتر لە 10 هەزار و 300 فەلەستینی کوژراون.
"غەززە؛ گۆڕستانی منداڵان"
فەلەستینییەکان دەڵێن لەنێو قوربانییەکانی یەک مانگی جەنگەکە، پشکی شێر بەر منداڵان کەوتووە و زیاتر لە 4 هەزار و 200 لە کوژراوەکان منداڵان کە لانیکەم هەزار و 300یان هێشتا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی کەرتی غەززەدان.
هەرچەندە ئەمریکییەکان گومانیان لە ئاماری بەرپرسانی کەرتی غەززە هەیە، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەی بایدن چەند جارێک بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، ژمارەی قوربانییان لە هەزارەکاندایە، ئیسرائیلییەکانیش دەڵێن هەموو رێکارێکیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی خۆیان لە زیانی گیانی خەڵکی سڤیل بەدووربگرن و لە هێرشەکانیاندا تەنیا چەکداران و پێگەکانی حەماسیان لەنێو کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات، لە پێش هەموو هێرشێک خەڵکی سڤیلی ئاگادارکردووەتەوە ناوچەکە چۆڵ بکەن و جەختیش لەوە دەکەنەوە، حەماس تەواوی بەرپرسیارێتی قوربانییانی سڤیل دەگرێتەئەستۆ.
سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی بە ئامانجکردنی منداڵان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا دەڵێت "غەززە بووەتە گۆڕستانی منداڵان، بە سەتان کچ و کوڕ کوژرا و برینداربوون. لە ماوەی چوار هەفتەی شەڕەکەدا، ژمارەی ئەو رۆژنامەڤانانەی لەو شەڕەدا کوژراون، زۆر زیاترە لە ژمارەی کوژرانی رۆژنامەڤان لە هەر شەڕێکدا کە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا روویداوە."
دیمەنی کوشتن و برینداربوونی منداڵان کاردانەی نێودەوڵەتیشی لێکەوتووەتەوە و رۆژانە بە هەزاران کەس لە پایتەختەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور و باشوور خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست دەکەن.
چۆڵبوونی کەرتی غەززە
درێژەکێشانی جەنگەکە و زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی سڤیل لە کەرتی غەززە دەنگی ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر کردووە و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان چەند جارێک داوای ئاگربەستیان کردووە تاوەکو بە فریای غەززەییەکان بکەن، بەڵام ئیسرائیل هەموو جۆرە ئاگربەستێکی رەتکردووەتەوە. شەوی سێشەممە، 7-11-2023 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "هیچ سووتەمەنییەک ناگاتە غەززە، هیچ کرێکارێک ناگاتە غەززە و هیچ ئاگربەستێکیش بەبێ ئازادکردنی بارمتەکانمان نابێت."
هەر رۆژی سێشەممە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی غەززەوە رایگەیاند، ئەو جەنگە بە خوێناوترین جەنگ بۆ کارمەندانی رێکخراوی ئانوارە دادەنرێت کە لقی رێکخراوەکەیانە لە غەززە. ئەو رێکخراوەش دەڵێت، لە سەرەتای بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، 70٪ـی دانیشتووانانی کەرتەکە ئاوارەبوون.
پێش جەنگ ژمارەی دانیشتووانی کەرتی غەززە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس بوو، ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەو ژمارەیە، زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار کەس ئاوارە بوون کە زۆربەیان لە بەشی باکووری کەرتەکەوە روویان لە باشوور کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن هێشتا لانیکەم، 350 هەزار خەڵکی سڤیل لە ناوچە مەترسیدارەکانی نزیک لە شەڕوپێکدادانەکان گیریان خواردووە و ژیانیان لە مەترسیدایە.
شەڕی کۆڵان بە کۆڵان
ئیسرائیل لە سەرەتاوە بە هێرشی ئاسمانی دەستیپێکرد تاوەکو زۆرترین زیان بە پێگەکانی حەماس لەنێو غەززە بگەیێنێت کە لە ساڵی 2007ـەوە ئەو کەرتە بەڕێوەدەبات و بەگوێرەی شارەزایانی سەربازی، شەڕی غەززە بۆ ئیسرائیل ئاسان نابێت. ئەمەش بەهۆی ئەو زنجیرە تونێلانەی لەژێر کەرتی غەززە دروستیان کردووە بە مەبەستی کۆکردنەوەی چەک و پێداویستییەکانیان و هەندێک لە تونێلەکان بە کیلۆمەتر درێژن و بە میترۆی غەززە ناسراون.
هەرچەندە تائێستا سوپای ئیسرائیل بە فەرمی دەستپێکردنی هێرشی زەوینی بۆ سەر غەززە رانەگەیاندووە، بەڵام لە 30ی تشرینی یەکەمی 2023وە سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا هێرشی زەوینی دەستپێنەکات، سوپای ئیسرائیل بە نافەرمی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ نێو کەرتی غەززە دەستپێکرد.
مایکڵ نایتس، پسپۆڕی سەربازی لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی نزیک، لە راپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژەی بەوە کردووە، راستییەکەی ئیسرائیل نەیویستووە خۆی تووشی شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی نێو کەرتی غەززە بکات، لەگەڵ ئەوەی کە حەماس ئەزموونی 15 ساڵ بوونیاتنانی بەرگریکردنی هەیە.
ئەوەی ئۆپەراسیۆنی زەوینی ئیسرائیلی ئاڵۆزتر کردووە، پرسی بارمتەکانە. بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لانیکەم 240 بارمتە لەلای چەکدارانی حەماس دەستبەسەرن، ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 5ی تشرینی یەکەم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، 60 بارمتە کوژراون.
لە ماوەی هەشت رۆژی ئۆپەراسیۆنی زەوینیی سوپای ئیسرائیل کە لە چوار بەرەوە دەستیان پێکردووە، یۆڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندووە، تائێستا لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا بە هەزاران چەکداری حەماسیان کوشتووە، لە بەرامبەردا 29 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون. هەروەها وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندووە، پرۆسەی گەمارۆدانی شاری غەززە تەواوبووە، کەرتی غەززەیان کردووەتە دوو بەش و باکووریان لە باشووری کەرتەکە دابڕاندووە بەمەبەستی نەهێشتنی هیچ دەرچەیەک بۆ چەکدارانی حەماس.
شەڕێکی بێ کۆتا
لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕوپێکدادانەکان و خراپبوونی دۆخی مرۆیی هاووڵاتییانی کەرتی غەززە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریانداوە "کارەساتێکی مرۆیی" لە غەززە بەڕێوەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای جەنگەکەوە، هاوکارییەکی سنوورداری مرۆیی لە دەروازەی رەفەحەوە گەیشتووەتە دەست غەززەییەکان. هاوکات هیچ سووتەمەنییەک لەلایەن ئیسرائیلەوە رەوانەی غەززە نەکراوە، بێجگە لەوەی کارەبا و ئاو و داودەرمانیشیان لەسەر بڕدراوە.
ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتیکارێکی سەرەکیی ئیسرائیلە و دوودڵە لە ئاگربەست، بەڵام لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە و لە رێگەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەوە جارێکی دیکە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێکرد و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی ئوردن، ئیمارات، سعودیە، قەتەر و میسر و عێراق، تورکیا کۆبووەوە.
بلینکن لە ئوردن، بە بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی گوتووە "ئەمریکا پێیوایە ئاگربەست لەم ساتەدا تەنیا دەرفەت بە حەماس دەدات خۆی رێکبخاتەوە."
بەشێکی زۆری هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل لە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواش لەگەڵ پێدانی دەرفەتن لە شەڕەکەدا تاوەکو هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە کەرتی غەززە.
فراوانبوونی بەرەکان
تادێت لێکەوتەکانی جەنگی غەززە فراوانتر دەبن، لە سەرەتای دروستبوونی جەنگەکەوە باشووری لوبنان گرژیی و ئاڵۆزیی بەخۆوە بینی.
ئێستا رۆژانە لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل شەڕە مووشەک لەنێوان چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنانی و نزیک لە ئێران و سوپای ئیسرائیل دەبیندرێت، بەهۆی ئەو شەڕوپێکدادانەوە، نزیکەی 200 هەزار ئیسرائیلی باکووری وڵاتیان بەجێهێشتووە. زیاتر لە 50 هەزار لوبنانیش لە ناوچە سنوورییەکان ئاوارە بوون.
ئەمە بێجگە لەوەی لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەکەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا، لانیکەم 38 جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەو دوو وڵاتە و بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە 40 سەربازی ئەمریکی برینداربوون.
هەفتەی رابردووش، حوسییەکانی یەمەن بەهەمان شێوە بە مووشەک خاکی ئیسرائیلیان کردە ئامانج.
لەبارەی ترسی بڵاوبوونەوەی بڵێسەی جەنگ بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئەنتۆنی بلینکن لە سەردانە خێراکەیدا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، واشنتن هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر وڵاتانی ناوچەکە لەو جەنگە تێوەنەگلێن و ئەو پەیامەشیان بۆ ئێران ناردووە هەوڵی فراوانبوونی ئەو جەنگە نەدات و کۆنترۆڵی گرووپەکانی نزیک لە خۆی بکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو هێرشانەی گرووپە چەکدارەکان دەیکەنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق رایگەیاند، "پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و داواکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەیە کە نابێت رێگەبدرێت ئەو هێزانەی لە دەرەوەی یاسان کێشە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکەن."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت کە "ئەو کارانە نە هاوکاریی عێراق دەکات، نە دروستە ئەنجام بدرێن و بەرژەوەندییش لەوەدا نییە کە عێراق بچێتە نێو ئەو کێشانەوە."
"داگیرکردنەوەی غەززە کارێکی راست نییە"
کۆشکی سپی دەڵێت، راستە ئەمریکا و ئیسرئیل هاوڕێی یەکدین، بەڵام مانای ئەوە نییە لەسەر هەموو شتێک هاوڕا بن. بۆیە هۆشداری دایە ئیسرائیل کە ئەمریکا لەگەڵ ئەوەدا نییە غەززە داگیربکرێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی ـی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد کە کاتێک شەڕەکە کۆتاییهات، هێزەکانی ئەوان دەتوانن ئاسایشی غەززە بگرنەدەست و رێگری لە هێرشی دیکە بکەن.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەکاتەوە لەوەی داگیرکردنەوەی غەززە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە "کارێکی راست نییە."
بایدن پێشتریش گوتبووی کە "هەڵەیەکی گەورەیە" ئیسرائیل جارێکی دیکە غەززە داگیربکاتەوە کە لە ساڵی 2005ـەوە هێزەکانی لەو کەرتە کشاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ