ماسییەک بەزیندوویی لە بۆڕیی هەناسەدانی راوچییەک دەردەهێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 
 
راوچییەکی میسری دوای ئەوەی بە هەڵە ماسییەک بە دەمی دەگرێت، ماسیەکە دەچێتە گەرووی و لە بۆڕی هەناسەدانی گیردەخوات.
 
رۆژی شەمە 7-11-2020، لە شاری بەنی یوسفی میسر، پیاوێکی تەمەن 40 ساڵان بەناوی داهش فاید دوای ئەوەی بەشێوەیەکی هەڵە ماسییەکی بچووک قوت دەدات، تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت و بەپەلە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن، پزیشکانی نەخۆشخانەکە ماسییەکە بە زیندووی لە بۆڕی هەناسەدانی پیاوەکە دەردەهێنن.
 
داهش لە گوندێکی سنووری رووباری نیل دەژی و کاری راوچێتیی ماسی دەکات، بۆ ماڵپەڕی یەوم سابعی میسری باسی چۆنیەتی رووداوەکەی کردووە و دەڵێت، کاتێک خەریکی راوکردنی ماسی بووە، ماسییەکی راوکردووە و چاوی بە ماسییەکی دیکە کەوتووە، داهش ماسیی یەکەم دەخاتە دەمی بۆ ئەوەی ماسییەکەی دیکە راوبکات، بەڵام ماسییەکە دەچێتە ناو دەمی داهش و لە بۆڕی هەناسەیدا گیر دەخوات.
 
دکتۆر مایکل ئیبراهیم بە سەرسوڕمانەوە باسی رووداوەکەی کردووە و دەڵێت "نەخۆشێک کە هۆشی نەمابوو گەیێنرایە نەخۆشخانەکە، ئامێری بینینمان بردە ناو قوڕگی و بینیمان ماسییەکی زیندوو لە بۆڕی هەناسەدانی هەیە".
 

پزیشکانی نەخۆشخانەکە نەشتەرگەری لاپارۆسکۆپیکیان بۆ داهش ئەنجامداوە و توانیویانە ماسییەکە دەربێنن، بە گوتەی پزیشکەکان ماسییەکە زیندوو بووە کاتێک دەریانهێناوە.
 
دوای نەشتەرگەرییەکە داهش گواستراوەتەوە بۆ بەشی چاودێریی چڕ بە مەبەستی چاودێری کردنی رەوشی تەندروستی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تووشی هەوکردنێکی زۆر بووە، ئێستا دۆخی تەندروستی جێگیرە.

 

ڤیدیۆی ساتی دەر‌هێنانی ماسییەکە لە بۆڕی هەناسەدانی داهش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە: