رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
خانمێکی ئێران لەبەردەم کۆشکێکی رۆژنامەفرۆشی لە تاران لاپەڕەکانی رۆژنامەیەک هەڵدەداتەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی لە ئەمریکا، سەرەتای کێبڕکێیەکی نوێیە لە نێوان دوو روانگەی جیاوازی ئێران. ریفۆرمخواز و نەریتخوازەکان، رەوتی یەکەمیان بە هیواوە لە دەرچوونی بایدن دەڕوانن، بەڵام دووەمیان بە دەرچوونی بایدن خۆشحاڵ نین.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەر بە ریفۆرمخوازانە دەڵێت: "روونە جیاوازی لەنێوان ترەمپ و بایدندا هەیە، بەڵام ئەو شتەی کە بۆ ئێمە گرنگە، وشە و دەربڕینەکان نییە، بەڵکو کردەوەکانە".
بەڵام نەریتخوازان بە تووندی بەرەنگاری ئەم شێوە روانینەی میانڕەوەکان بوونەتەوە. ئەوان پێیانوایە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ترەمپ و بایدندا نییە.
جیاوازی نێوان ئەو دوو رووانگەیە لە میدیاکانی ئێرانیشدا رەنگی داوەتەوە.
رۆژنامەی دەنگی ریفۆرم سەرکەوتنی بایدنی بە دراماتیک وەسفکردووە و نووسیویەتی: "بەڵێنی بایدن بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی گرنگیی زۆری بۆ ئێران هەیە". بەرامبەر ئێران سیاسەتی سەردەمی ئۆبامای پێباشترە.
بەڵام رۆژنامەی ئافتاب کە سەر بە نەریتخوازەکانە نووسیویەتی بایدن وەک ئۆباما بەرامبەر ئێران نەرمی نانوێنێت، بەس گرنگیش ئەوەیە پێش پێکهاتنی ئیدارەی بایدن، ئێران پرۆژەی خۆی بۆ ئەگەری دانوستاندن ئامادە بکات و لەمەشدا هەموو دەسەڵات تێیدا بەشدار بن.
رۆژنامەی ئارمان ملی، لە وتارێکدا بە مانشێتی "تووندڕەوەکانی ئێران لە دۆڕانی ترەمپ تووڕەن"، نووسیویەتی: "دەرچوونی بایدن نەریتخوازانی شۆک کردووە، چونکە پێیانوایە ئەمە ئەگەری سەرکەوتنی میانڕەوەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی ئێراندا بەهێزدەکات".
پێشتر بایدن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن سەبارەت بە ئێران گوتبووی، ئەگەر ئێران پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمی بێت، ئەمریکاش دەگەڕێتەوە، نێو رێککەوتنەکە. ئەمەش وەک دەسپێکێک بۆ دانوستاندن لەسەر پەرەپێدان و بەهێزکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی لێکدرایەوە.
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: ئەگەر لایەنەکانی دیکە پابەندی بەڵێنەکانیان بن، ئێرانیش پابەند دەبێت. داوای لە ئەمریکا کرد "هەڵەکانی رابردوو قەرەبوو بکاتەوە".
هەروەک چاوەڕوان دەکرا دەنگهێنانەوەی جۆ بایدن لە کورتخایەندا کاریگەریی لەسەر بازاڕی دراوی ئێرانیش هەبێت. لە چەند رۆژی رابردوودا بەهای تمەن نزیک بە 6 هەزار تمەن بەرامبەر هەر دۆلارێک بەرزبووەتەوە. دوای دەرکەوتنی ئاماژە سەرەتاییەکانی دەرچوونی بایدن، بەهای تمەن بەرزبووەوە، بەڵام دواتر بەهاکەی دابەزی.
شارەزایان پێیانوایە ئەو مەرجانەی بایدن دایناون بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ نێو رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران، ئەگەری رێککەوتن ئاسان نییە، بۆیە لە درێژمەودادا بارودۆخی ئابووریی ئێران بۆ پێش هاتنی بایدن دەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ