گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل: هەر لایەک دەستدرێژیمان بکاتە سەر باجێکی قورس دەدات


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، ئیسرائیل دەزانێت چۆن بەرگری لە خۆی بکات. ئاماژە بەوەش دەکات، هەرلایەک دەستدرێژی بکاتەسەر وڵاتەکەی باجێکی قورس دەدات. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 8 تشرینی یەکەمی 2024، دەیڤد مێنسەر، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رێکخست و باسی لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی کرد. 
 
پرسیار کرا، "ئایا راستە ئیسرائیل بڕیاری لە شێوە و قەبارەی هێرشەکەی بۆ سەر ئێران داوە و تەنیا لەسەر بڕیاری فەرماندەی هێزە چەکدارەکان ماوە کاتەکەی دیاری بکات؟" مێنسەر لە وەڵامدا گوتی، "ئیسرائیل بەرپرسیارێتی و مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات، هەروەها دەزانێت چۆن بەرگری لەخۆی بکات. هەر لایەک دەستدرێژیمان بکاتە سەر باجێکی قورسی پێدەدەین، گرنگ نییە لە هەر لایەک بێت".
 
گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل باسی لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی کرد و گوتی، "ئێران دوو جار بە سەتان مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بە ئاشکرا نیازی خۆی بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل پیشانداوە. ئێران تاکە وڵاتە کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت و بە ئاشکرا داوای لەنێوبردنی وڵاتێکی دیکە بکات." 
 
لە دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە 23 ئەیلوول، ئیسرائیل چەندین بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵای کوشتووە کە دیارترینیان حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەکە بوو کە رۆژی 27 ئەیلوول کوژرا. 
 
یەکی تشرینی یەکەم، ئێران بە زیاتر لە 180 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. 
 
دوای هێرشەکەی ئێران، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و دەبێت باجەکەیشی بدات."