سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: شوێنگرەوەی حەسەن نەسروڵڵامان کوشتووە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی شوێنگرەوەی حەسەن نەسروڵڵای کوشتووە و ئەو بزووتنەوە چەکدارییەی زۆر لاواز کردووە. 

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی شەڕی ئێستای سوپای وڵاتەکەی لە ناوچەکەدا رایگەیاند، "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات. ئیسرائیل هەروەها مافی ئەوەی هەیە براوە بێت و براوەش دەبێت". 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "تواناکانی حیزبوڵڵامان زۆر لاواز کردوون. هەزاران تیرۆریستمان لەنێوبردوون، لەوانەش خودی نەسروڵڵا، هەروەها شوێنگرەوەی نەسروڵڵا، هەروەها شوێنگرەوەی شوێنگرەوەکەی". 
 
بنیامین نەتەنیاهوو هەر لە پەیامە ڤیدیۆکەیدا دەڵێت، "ئێستا حیزبوڵڵا زۆر لە چەندین ساڵ لەمەوبەر لاوازترە". 
 
27-9-2024 فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە چڕی بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانیان لە بەیرووت بۆردوومانکرد و رۆژی دواتر سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵاش کوشتنی حەسەن نەسروڵڵایان راگەیاند. 
 
ئەو کاتە لێکدانەوەکان بەو جۆرە بوون کە هاشم سەفیەدین دەکرێتە شوێنگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا و دەبێتە ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، بەڵام چەند رۆژێک لەمەوبەر بۆردوومانێکی دیکەی چڕ کرا و دواتر بەشێک لە سەرچاوەکان بڵاویانکردەوە، سەفیەدین لە شوێنی بۆردوومانکراو بووە. 
 
هاشم سەفیەدین کێیە:
 
- سەفیەددین لە ساڵی 1964 لە شارۆچکەی دێر قانوون نەهر لە باشووری لوبنان لە نێو خێزانێکی بەناوبانگدا لەدایکبووە.
 
- لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵای کوڕە پووری چووە شاری قومی ئێران بۆ ئەوەی پەروەردەی ئایینی مەزهەبی شيعە بخوێنێت.
 
- لە ساڵی 1983دا ژیانی هاوژینی لەگەڵ کچی محەممەد عەلی ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی سەر بە ئەنجوومەنی ئیسلامیی شيعەی لوبنان پێکهێنا. 
 
- ساڵی 1994 لەلایەن نەسروڵڵاوە بە سەرۆکی ناوچەی حیزبوڵڵا لە بەیرووت دەستنیشانکرا.
 
- لە ساڵی 1995دا بووە سەرۆکی ئەنجوومەنی جیهاد کە بەرپرسە لە چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا و لە هەمان کاتدا وەک ئەندامی ئەنجوومەنی شورا دەستبەکاربوو.
 
- لە ساڵی 1998دا پلەکەی بەرزکرایەوە و کرایە سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکار.
 
- عەبدوڵڵای برای هاشم سەفیەدین نوێنەری حیزبوڵڵایە لە ئێران. عەبدوڵڵا کەسایەتییەکی ناسراوە و بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر و سپیکردنەوەی پارە لە لایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.
 
- ساڵی 2020، رەزای کوڕی هاشم سەفیەدین ژیانی هاوژینیی لەگەڵ زەینەبی کچی قاسم سولەیمانی پێکهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائی. وێنە: AP

ئێران: هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس وەرچەرخانی مێژوویی بوو

ئێران لە ستایشی هێرشەکەی پارساڵی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەڵێت: "کاتێکی یەکلاکەرەوە و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو" بۆ فەلەستینییەکان. راشیگەیاند، ئەمریکا بەشداربووە لە "تاوانەکان"ـی ئیسرائیل.