ئاوارەیەکی لوبنانی لە عێراق بۆ رووداو: کچەکەم گوتی 'دایە ئەگەر وەڵامم نەدایەوە شەهید بوومە'
رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بۆ سەر یەکدی بەردەوامن و خەریکە لوبنان دەکەوێتە نێو جەنگێکی گەورەوە. هەزاران خێزانی لوبنانی بەهۆی جەنگەوە ماڵەکانیان جێهێشتووە و هەندێکیان گەیشتوونەتە عێراق.
مەریەم زغێب، خەڵکی لوبنانە و لەگەڵ کوڕە 9 مانگەکەی چوونەتە کەربەلا. ئەوان بەڕێگەی وشکانی گەیشتوونەتە عێراق. مەریەم بە رووداوی گوت، "رێگەکەمان قورس و ناخۆش بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا بەسەلامەتی گەیشتین. پێنج کەسین، دوو منداڵیشمان لەگەڵە. هێشتا خەڵکمان ماوە بێن. هەر خێزانێک حەوت هەشت کەسن".
هاتنی ئاوارەی لوبنانی بۆ عێراق بەردەوامە. ژنێک بە چاوی گریانەوە دەڵێت، پەیوەندی لەگەڵ کچەکەی بڕاوە و نازانێت لەکوێیە. ویداد رەزا، پەنابەری لوبنانی گوتی: "کچەکەم پێی گوتم 'دایە تەلەفۆنم بۆ مەکەوە تەلەفۆنەکانمان لە ماڵەوە بەجێدەهێڵین ئاگاداریمان بۆ هاتووە ماڵەکان چۆڵ بکەین، ئێستا دەردەچین و لە دەرەوە دەخەوین ئەگەر وەڵاممان نەدایەوە شەهید بوینە'."
سەحەر، ئاوارەیەکی دیکەیە و لەگەڵ چوار خوشکی گەیشتووەتە عێراق. دایک، باوک، برا و خوشکێکی لە لوبنان بەجێماون. زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لەگەڵ خوشکەکەی قسەمی کرد و بە رووداوی گوت: "هێرشەکان چڕتر و مەترسییەکان زیاتر بوون".
زەهرا رەزا، هاووڵاتیی لوبنانی دەڵێت: "دەمەوێت پێت بڵێم لەکاتی ئاسایی ئەوان کاتی دیاریکراویان هەیە ئەوان هەموو رۆژێک لەدوای کاژێر 11:00ی شەو دووژمن بۆردوومانی (داحیە) و بۆردوومانی نزیک فڕۆکەخانە و باشوور دەکات، بەڵام ئەمڕۆ شۆک بووین بە رۆژ (داحیە)یان بۆردوومان کردووە".
کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی سەیدەل ئەوسیا کە بۆ زیارەتکارانی شیعە دروست کراوە، ئێستا بووەتە پەناگەی ئافرەت و منداڵانی باشووری لوبنان.
عامر نەسڕاوی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی شاری "سەیدەل ئەوسیا" بە رووداوی گوت: "شاری سەیدەل ئەوسیا تائێستا پێشوازی لە زیاتر لە 500 کەس کردووە، ئامادەین بۆ پێشوازی لە زیاتریش، هەروەها شاری ئیمام حەسەن و حوسێن پێشوازییان لە پەنابەران کردووە، سوپاس بۆ خودا عەتەبەی حوسێنی لەتوانایدایە و پێشبڕکێ دەکات بۆ ئەو جۆرە کارانە".
بەپێی ئاماری حکومەتی عێراق، تاوەکو ئێستا 7,700 پەنابەری لوبنان هاتوونەتە عێراق و ژمارەیان لەهەڵکشاندایە.