حیزبوڵڵای لوبنانی: بە تۆپ و مووشەک هێرشمان کردە سەر ئیسرائیل

رووداو  دیجیتاڵ

حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، بە تۆپ و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی ئیسرائیل لەسەر سنوور. 
 
حیزبوڵلا کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2023) رایگەیاند "بەرخودانی ئیسلامی بە ژمارەیەکی زۆری تۆپ و مووشەکی ئاراستەکراوەوە، هێرشی کردە سەر سێ پێگەی دوژمنی زایۆنی لە ناوچەی داگیرکراوی باخەکانی شەبعاء."
 
راگەیێندراوەکە هەروەها باس لەوە دەکات، کە "وەک هاوسۆزییەک" بۆ حەماس، ئەو هێرشەیان کردووە.
 
هاوکات میدیای ئیسرائیلی پشتڕاستی کردەوە، ژمارەیەک تۆپ لە لوبنانەوە ئاراستەی پێگەکانی سوپای ئیسرائیل کراون، هەروەها رێنمایی بە ئیسرائیلییەکانی ئەو ناوچانە دراوە کە بچنە پەناگەکانەوە.
 
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیش بڵاویکردەوە کە ژمارەیەک تۆپ کە لە لوبنانەوە هاوێژرابوون، بە پێگەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی لە ناوچەی باخەکانی شەبعاء کەوتوون. 
 
وەک وەڵامێک، بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، سوپای ئەو وڵاتە ژمارەیەک شوێنی لە باشووری لوبنان تۆپباران کردووە. 
 
هێرشەکەی حیزبوڵڵا بۆ سەر پێگەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە رۆژی شەممەوە ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسای لە دژی ئیسرائیل دەستپێکردووە، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی شمشێری ئاسنینی راگەیاندووە کە بەهۆیانەوە تائێستا نزیکەی 600 کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە.