بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل سێ کارمەندی فریاکەوتن لە لوبنان کوژران

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، رۆژی شەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر تیمێکی بەرگریی شارستانی لە باشووری لوبنان، سێ کارمەندی فریاکەوتن کوژران و دووانی دیکەیان بریندار بوون. 
 
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "هێرشێکی دووژمنی ئیسرائیلی بۆ سەر تیمێکی بەرگریی شارستانیی لوبنان، کە لە گوندی فرۆن سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە بوون کە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دوایەی ئیسرائیل کەوتبووەوە، بووە هۆی شەهیدبوونی سێ کارمەندی فریاکەوتن."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوو کارمەندی دیکەش برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
 
بەرگریی شارستانیی لوبنانیش پشتڕاستیکردەوە؛ سێ لە کارمەندەکانی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژراون.  
 
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان بە شێوەیەکی نیمچە رۆژانە لەسەر سنوور هێرشیان کردووەتەوە سەر یەکدی. 
 
شەڕ و پێکدادانەکە بووەتە هۆی کوژرانی 614 کەس لە دیوی لوبنان، کە زۆربەیان چەکداری حیزبوڵڵان، بەڵام 138 کەسی سڤیلیشیان لەنێودایە کە 24ـیان کارمەندی فریاگوزارین. 
 
لە سنووری ئیسرائیل و ناوچەی گۆلانی سووریا، لانیکەم 24 سەرباز و 26 کەسی سڤیل کوژراون. 
 
نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا هیرشەکەی رۆژی شەممەی سەرکۆنە کرد و گوتی "ئەم دوژمنکارییە نوێیەی دژی لوبنان پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەها مرۆییەکانە."
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان باس لەوە دەکات؛ ئەمە دووەم هێرشی لەو جۆرە بووە لە ماوەی 12 کاژێردا لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێتە سەر تیمە فریاگوزارییەکان. 
 
هەر لە رۆژی شەممە، پێش ئەو هێرشە، وەزارەتەکە رایگەیاندبوو دوو کارمەندی فریاکەوتن لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی قەبریخە بریندار بوون.