ئەمریکا فڕۆکەی ئێف 22 راپتەر دەنێرێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەک هەوڵێک "بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان" ئەمریکا فڕۆکەی ئێف 22 راپتەر بۆ ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی سێنتکۆم دەنێرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 08-08-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا ئێف 22 راپتەر گەیشتنە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی سێنتکۆم."
 
سێنتکۆم راشیگەیاند: "گەیاندنی ئەو فڕۆکانە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری زیادبوونی گرژییەکانن لەلایەن ئێران و گرووپە پاشکۆکانەوە."
 
ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی سێنتکۆم لە چەند وڵاتێک پێکدێت لەوانەش: میسر، سعودیە، عێراق، یەمەن، ئوردن، ئیسرائیل، لوبنان، سووریا، ئێران، ئەفغانستان و پاکستان. 
 
دوای ئەوەی لە 30ـی تەممووز، ئیسرائیل هێرشیکردە سەر بەیرووت و فوئاد شوکر، کەسی دووەمی حیزبوڵڵای لوبنانی کوشت. دوای رۆژێک لەو رووداوە، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران کوژرا، ناوچەکە شڵەژا. 
 
حیزبوڵڵای لوبنان، ئێران و گرووپەکانی پاڵپشتیان بەڵێنی تۆڵەکردنەوەیان داوە. ئێران دەڵێت: ئیسرائیل هەڵەی کردووە و دەبێت سزا بدرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی باقری، وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت رایگەیاند، ئیسرائیل بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و فوئاد شوکر "هەڵەیەکی ستراتیجی" کرد. رۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵلای لوبنان لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، "ئێران ناچارە وەڵام بداتەوە؛ دووژمن لە دۆخێکی گەورەی دڵەڕاوکێدایە".
 
نەسروڵڵا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و گوتی، "وەڵاممان نزیکە. پشتیوان بەخودا وەڵامێکی بەهێز و کاریگەرمان دەبێت. چاوەڕێی بەرەکانی جەنگ دەکەین".
 
ئیسرائیلیش رایگەیاندووە ئەوان بۆ هێرش و بەرگریکردن ئامادەن. لەلایەکی دیکە، رۆژی چوارشەممە دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند ئەوان بەردەوام دەبن لە بەئامانجکردنی سەرجەم سەرکردەکانی حەماس و هەموو ئەوانەی بەرپرسیار بوون لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر، لەوانەش یەحیا سینوار، بەرپرسی نوێی مەکتەبی سیاسیی حەماس.