فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان چی لەبارەی یەحیا سینوارەوە دەڵێن؟

رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی دانیشتووانی دێر بەلەح، کە 10 مانگە بوونەتە قوربانیی سەرەکیی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بە هەڵبژاردنی یەحیا سینوار وەکو سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس دڵخۆشن و پێیانوایە دەتوانێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.
 
هانی قانۆ، هاووڵاتیی فەلەستینی لە شاری دەیر بەلەح ـی نێوەڕاستی کەرتی غەززەی فەلەستین دەڵێ "بەهیوای ئەوەین هەڵبژاردنی سینوار کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە خێراتر بکات، لەبەرئەوەی ئەو لەنێو غەززەدا دەژیت و زیاتر ئاگاداری گفتوگۆکانە." 
 
بەڵام بەشێکی دیکەی فەلەستینییەکان نیگەرانن بە هەڵبژاردنی و، پێیانوایە بەئاسانی ئاگربەست قبووڵ ناکات.
 
بەشار قەرقاز، هاووڵاتیی فەلەستینی دەڵێ "هەڵبژاردنی سینوار وادەکات جەنگەکە زیاتر درێژەبکێشێت، لەبەرئەوەی جووەکان سینواریان ناوێت. ئەوان کەسایەتییەکی سیاسییان دەوێت کە لەگەڵیان رێک بکەوێت، بەڵام ئێمە بیستوومانە سینوار کەللەڕەقە و رەنگە دان بەوەدا نەنێت." 
 
ئیسرائیلییەکانیش کە حکومەتەکەیان لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە بەدوای کوشتنی سینوارەوەیە، پێیانوایە؛ هەڵبژاردنی، پەیامی حەماسە بۆ ئیسرائیل کە دەیانەوێت لە جەنگەکە بەردەوام بن.
 
هەنان، هاووڵاتی ئیسرائیلی دەڵێ "هەڵبژاردنەکە بۆ خۆی دەدوێت. ئەوان سینواریان هەڵبژارد لەبەرئەوەی کەسێکی دیکەیان نەدۆزیەوە شەڕانگێز و بکوژ نەبێت. هیوادارم داهاتووی سینواریش وەکو ئەوەی پێش خۆی بێت." 
 
ساگی هەڤشۆش، هاووڵاتیێکی دیکەی ئیسرائیلی دەڵێ "جێگەی سەرسووڕمان نییە کەسێکی وەکو سینواریان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی گرووپێکی وێرانکەر و تیرۆریستی بکات، سینوار کەسێکی بەئەزموونە، لە زیندانێکی ئیسرائیل بووە و عیبری دەزانێت و دووژمنەکەی دەناسێت کە ئێمەین. دەزانین ئامانجی ئەوەیە ئێمەی جوو و بوونیشمان نەمێنێت." 
 
یەحیا سینوار، بە یەکێک لە سەرکردە سەربازییە تووندەکانی حەماس ناسراوە و بە ئەندازیاری توونێلەکانی حەماس دادەندرێت.
 
سینوار بە پیلانداڕێژەری هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری رابردوو بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک غەززە دادەندرێت و لەلایەن ئیسرائیلەوە چ بە مردوویی چ بە زیندوویی، داواکراوە.
 
هەرچەندە هەوڵی نێوەندگیرەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەردەوامە، بەڵام چارەنووسی لەسەر هەڵوێستی سینوار وەستاوە و نازاندرێت جەنگەکە بە چ ئاراستەیەکدا دەبات.