ئیسرائیل هەڕەشە لە سینوار دەکات: شوێنت تەنیشت محەممەد زیفە

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل هەڕەشە لە سەرۆکی نوێی بزووتنەوەی حەماس دەکات و هۆشداریی دەداتێ کە وازی لێ ناهێنن، تاوەکو دەینێرنە ئەو شوێنەی سەرکردە کوژراوەکانی دیکەی حەماسیان بۆ ناردووە.
 
رۆژی چوارشەممە دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند ئەوان بەردەوام دەبن لە بەئامانجکردنی سەرجەم سەرکردەکانی حەماس و هەموو ئەوانەی بەرپرسیار بوون لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر، لەوانەش یەحیا سینوار، بەرپرسی نوێی مەکتەبی سیاسیی حەماس.
 
هەگاری لەبارەی شوێنگرتنەوەی ئیسماعیل هەنییە، لەلایەن سینوارەوە رایگەیاند "ئەو، تیرۆرستێکی گەورەیە و ئیسرائیلیش بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوایدا. تەنیا شوێنێک کە جێگەی یەحیا سینواری تێدا دەبێتەوە، تەنیشت محەممەد زەیف و غەندوور و ئەیمەن نەوفەلە (فەرماندەکانی حەماس کە لە جەنگی غەززەدا کوژراون)، لە تەنیشت هەموو ئەو تیرۆریستانەی لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر بەرپرسیار بوون." 
 
ئەو هەڕەشە نوێیانەی ئیسرائیل بۆ کەسی یەکەمی حەماس لەدوای ئەوە دێت؛ رۆژی 31ـی تەمموز، ئیسماعیل هەنییە، لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، کوژرا. ئێرانییەکان، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن، هەرچەندە ئیسرائیل بەفەرمی هیچ قسەیەکی لەسەر ئەو کوشتنە نەکردووە. 
 
پێشتر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی کوشتنی سەرجەم سەرکردەکانی حەماسی دا و رایگەیاندووە "سەرکردەکانی حەماس حیسابی مردوویان بۆ دەکرێت." 
 
سینوار پێش بەرزکردنەوەی پلەکەی، بەرپرسی حەماس بووە لەنێو کەرتی غەززە و باڵاترین بەرپرسی ئەو بزووتنەوەیەشە لەنێو کەرتەکە. ئەو بە پیلانداڕێژەری سەرەکیی هێرشەکەی پار بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دادەنرێت، کە بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە هەزار و 100 کەس و بەبارمتەگرتنی لانیکەم 250 کەسی دیکە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئیسرائیل، سینواری تەمەن 61 ساڵ، لەسەرەتای جەنگەکەوە لەنێو توونێلەکانی نێو غەززە خۆی حەشارداوە و چەند جارێکیش نزیک بوونە لە بە ئامانجگرتنی.