لە ماوەی سێ رۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە 44 کەس کوژران

 
رووداو - غەززە

دوای سەرکەوتنی هەوڵەکانی میسر بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین، عەبدولڕەحمان جاروشە، کە خۆی و ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزان و کەسوکارەکەی بەهۆی بۆردوومانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خانووەکەیان لە باشووری شاری غەززە بریندار بوون قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "14 ئەندامی خێزانەکەم بریندار بوون."
 
عەبدولڕەحمان جاروشە کە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە بریندار بووە، بە رووداوی گوت، "بەهۆی بۆردوومانەوە مامم بریندار بوو، لەنێو دار و پەردوودا هەڵمانگرتەوە، هەموو جەستەی بریندار ببوو، پشت و دەست و سەری، بە هەمان شێوەش خۆشم قاچ و سەر و دەموچاوم بریندار بوون، هەروەک هەندێک منداڵیش برینداربوون، ئێمە 14 کەسمان برینداربوون، زۆربەیان منداڵن، لەوانەش باپیرم کە تەمەنی 82 ساڵە، دانیشتبوو پەنجەرەکە بەر سەری کەوت."
 
بەهۆی هێرشە سێ رۆژیەکەی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، 44 کەس کوژران، کە 15یان منداڵ و 4یان ژنن و 360 کەسیش بریندار بوون، گرووپە فەڵەستینییەکان وەکو تاوانی جەنگ ناوی دەبەن و داوای دادگاییکردنی بکەرانی دەکەن.
 
عەبدولقادر ئیدریس، بەرپرس لە حیزبی گەلی فەڵەستینی دەڵێت، "ئیسرائیل جەنگێکی سەختی بەرپاکرد، کۆمەڵکوژیی قێزەونی لە بەرامبەر خەڵکی سڤیلی کەرتی غەززە کردووە، کە دژی هەموو نەریت و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە، ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەر کردوویەتی بە تەواوی تاوانی جەنگە."
 
ئەیمەن عەلی، دانیشتووی غەززە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوەی پێویستە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە، بڕیارەکانی کۆمەڵگەکە جێبەجێ بکات، کە لەبارەی دۆزەکەمان دران، واز لە سیاسەتی دووڕوویی بهێنێت، مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل رابگرێت، وەکو دەوڵەتێک لە سەرووی یاساوەیە، هەروەها پێویستە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەیری خوێنی فەڵەستنییەکان بکەن، بەوەی ئەمە خوێنی مرۆڤایەتییە."
 
رێککەوتنی ئاگربەست بە هەوڵی میسر کراوە. بەپێی ئاگربەستەکە دەبێت خەلیل عواودە ئازاد بکرێت و بە مەبەستی چارەسەر بگوازرێتەوە، هەروەها کار بکرێت بۆ ئازادکردنی بەسام سەعدی، کە دوو سەرکردەی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامین لە بەرەی رۆژئاوا.
 
دوای 55 کاژێر لە ئاڵۆزی، سەقامگیری و ئارامی باڵی بەسەر کەرتی غەززەدا کێشاوەتەوە. دوای ئەو هەموو زیانە زۆرە مرۆیی و ماددییە، فەڵەستینییەکان خوازیارن ئەو ئارامییە بەردەوام بێت.