سوودانی داوا لە پزیشکیان دەکات سەردانی عێراق بکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێرانەوە کرد و داوای لێکرد "بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی گرنگ" سەردانی عێراق بکات.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە، 8ـی تەممووزی 2024 بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئێرانەوە کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران: "سوودانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن لە پزیشکیان و سەرکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە لەماوەیەکی کەمدا دوای قۆناخێکی هەستیاری ئێران لە دوای رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی سەرۆککۆماری پێشوو و وەزیری دەرەوە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانیان، بەڕێوەچوو."
 
لە پەیوەندییەکەدا باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کراوە و جەخت لە بەردەوامیی هاوئاهەنگیی هاوبەش لە هەموو بوار و دۆسیەکانی ئابووری و ئەمنی کراوە، بەو پێیەی ببێتە هۆی تۆکمەکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی دراوسێ و خۆشگوزەرانیی گەلەکانیان.
 
محەممەد شیاع سوودانی بانگهێشتنامەی فەرمیی ئاڕاستەی مەسعود پزیشکیان، کرد بۆ ئەوەی بۆ "تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسییەی گرنگ و بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان" سەردانی عێراق بکات.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە پزیشکیان سوپاسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و رژدبوونی وڵاتەکەی لە فراوانکردنی هاوئاهەنگی و پشتیوانیکردنی لێکتێگەیشتنە دووقۆڵییەکان لە چەندین بواردا دووپاتکردووەتەوە، بەشێوەیەک ببێتە هۆی سەقامگیریی زیاتری هەردوو وڵات و ناوچەکە.
 
لە گەڕی یەکەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، کە لە 28ـی حوزەیرانی 2024 بەڕێوەچوو، هیچ کام لە چوار بەربژێرەکان، مەسعود پزیشکیان، سەعید جەلیلی، محەممەدباقر قالیباف و مستەفا پوورمحەممەدی دەنگی پێویستییان بەدەستنەهێنا و هەڵبژاردنەکە لەنێوان مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازان و سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بەربژێری نەریتخوازان چووە گەڕی دووەم.
 
لە گەڕی دووەمیشدا کە لە 5ـی تەممووزی 2024 بەڕێوەچوو، زیاتر لە 30 ملیۆن و 573 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوی ئێران بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد کە پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا و بووە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران.