سوپای ئیسرائیل رزگارکردنی چوار بارمتەی لە دەستی حەماس راگەیاند

08-06-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چوار بارمتەیان لەنێو غەززە لە دەستی حەماس رزگار کردووە، کە لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لە فێستیڤاڵی میوزیکەکە رفێندرابوون.

ئەوانەی رزگار کراون، بەپێی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل بریتین لە هەریەکە لە نوا ئارگامانح 25 ساڵ، ئالمۆگ میر جان 21 ساڵ، ئاندری کۆزلۆڤ 27 ساڵ و شلۆمی زیڤ 40 ساڵ.

بەپێی راگەیێندراوی سوپای ئیسرائیل، ئەو چوار بارمتەیە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی "ئاڵۆز"ی پۆلیس و دەسەڵاتی ئەمنیی ئیسرائیلدا لە دوو ناوچەی جیاوازی غەززە رزگار کراون.

وەکو سوپای ئیسرائیل ئاماژەی پێداوە، دۆخی تەندروستیی بارمتەکان "باشە" و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ پشکنینی زیاتری پزیشکی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، تائێستا بزووتنەوەی حەماس هیچ راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
 
 
راگەیاندنی رزگارکردنی ئەو چوار بارمتە دوای هەشت مانگ دێت لە جەنگ. مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو حەماس 105 بارمتەی لە چوارچێوەی رێککەوتنێک ئازاد کرد.
 
بەپێی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەوە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، تائێستا لانیکەم 36 هەزار و 801 کەس کوژراون. تەنیا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لانیکەم 70 کەس بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە کوژراون.
 
هاوکات 83 هەزار و 680 کەسی دیکەش بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە غەززە بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە